گومان لە دەبەی ئاوی پلاستیكیی سلێمانی هەیە

:: PM:01:25:21/10/2020 ‌

قایمقامی سلێمانی ڕای دەگەیەنێت، لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ بەدواداچوون لەسەر دەبەی ئاوی پلاستیك كە بزانرێت ئایە راستە زیانی هەیە.

ئەمڕۆ چوارشەم 21ـی تشرینی یەكەم، ئاوات محەمەد قایمقامی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رای گەیاند، لیژنەیەكی زانستی لە تەندروستی و ژینگە و كوالیتی كۆنتڕۆڵ و نوێنەری كارگەكانی بەرهەمهێنانی ئاو و نوێنەری كۆمپانیاكانی كوالیتی كۆنتڕۆڵ پێكهێنراوە بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر دەبەی ئاوی پلاستیك.

قایمقامی سلێمانی گوتی، ئەو لیژنەیە لەسەریانە ڕاپۆرتێك ئامادە بكەن، لەبارەی ئەو پلاستیكەی لە پەرداخ و دەبەی ئاودا بەكار دەهێنرێت، ئایا زیانی هەیە یان نا، هەروەها دەبێت لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتی خۆی پێشكەش بكات.

باسی لەوەش كرد، گواستنەوەی ئاو دەبێت بەشێوازێكی تەندروست بێت و نابێ پلەی گەرماش لەناو ئەو ئۆتۆمبێلەی پێی دەگوازرێتەوە و كۆگاكانیش لە 25 پلەی سیلیزی زیاتر بێت، هاوكات نابێت تیشكی خۆر لێی بدات.

"نابێت ماركێتەكان ئاو لە بەردەم ماركێتەكە دابنێن، ئەگەر پێوەی پابەند نەبن، ئەوا سزای یاسایی دەدرێن". قایمقامی سلێمانی وای گوت.




وشە - رامیار جەواد