رێكخراوی نێوده‌ڵه‌تیی "هیومه‌ن رایچ وۆچ" كه داكۆكی له رۆژنامه‌نووسان ده‌كات، داوا له ده‌سه‌ڵاتی عێراق ده‌كات كه گیان و ماڵی رۆژنامه‌نووسان بپارێزن، له‌كاتێكدا تا ئێسته جیا له كوشتنی چه‌ندان رۆژنامه‌نووس كه بكوژه‌كانیان ونن، ده‌یان رۆژنامه‌نووس به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن، ماڵوحاڵی خۆیان به‌جێهێشتووه.
پێگه‌ی "
ئیلاف" ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 21ی تشرینی یه‌كه‌م بڵاوی كردووه‌ته‌وه، رێكخراوه‌كه له راپۆرتێكدا رای گه‌یاندووه، خۆپێشانده‌ران هه‌ڵیانكوتاوه‌ته سه‌ر كه‌ناڵی "دیجله" و سووتاندوویانه. هۆی سووتاندنه‌كه‌شی ئه‌وه‌بوو كه له بۆنه‌ی عاشوورادا ئاهه‌نگێكی موزیكی وه‌شاندبوو، ئه‌وه‌ش به‌لای مه‌زه‌وی شیعه قبووڵكراو نییه، بۆیه كه‌ناڵه‌كه و رۆژنامه‌نووسانی كه‌وتنه به‌ر هه‌ڕه‌شه.
له راپۆرتی رێكخراوه‌كه ئه‌وه‌یش هاتووه، كه‌ناڵی دیجله سه‌ربه جه‌مال كه‌ربوولییه كه سه‌رۆكی حزبی "ئه‌لئه‌حل"ـه له كۆتایی مانگی ئاب تووشی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه بووبووه‌وه.
"هیومه‌ن رایچ وۆچ" پرسیار له به‌رپرسانی عێراق ده‌كات و ده‌ڵێ، وه‌ڵامی ئه‌وان به‌رانبه‌ر به‌و هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی له كه‌ناڵه‌كه كرا، چی بوو؟ له‌كاتێكدا پیشه‌ی ئه‌وان ئه‌وپه‌ڕی له مه‌ترسیدایه، ئه‌وان كاتێك كه‌ناڵه‌كه سووتا، هیچ رێوشوێنێكیان نه‌گرته‌به‌ر، به‌پێچه‌وانه‌وه بڕیاری گرتنی كه‌ربوولییان ده‌كرد گوایه سووكایه‌تیی به مه‌زه‌و و دروشمه‌كه‌یان كردووه.
زیاتر گوتوویه‌تی، سێ رۆژنامه‌نووس كه له كه‌ناڵی دیجله كار ده‌كه‌ن، هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن‌یان لێ كرا، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كوژێن، له كه‌ناڵه‌كه دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه، چونكه چه‌ندان جار له‌ڕێی ته‌له‌فۆن و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن‌یان لێ كرابوو.
رۆژنامه‌نووسێكی تری ئه‌و كه‌ناڵه گوتوویه‌تی، كاتێك پارێزگاری دیوانیه داوای له ده‌زگه و فه‌رمانگه‌كانی پارێزگاكه كردووه كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هاكاری ئه‌و كه‌ناڵه نه‌كرێـت، بۆیه ئێسته له هه‌موو لایه‌كه‌وه هه‌ڕه‌شه‌یان لێ ده‌كرێت، بۆیه زۆرینه‌ی كارمه‌ندانی ئه‌و كه‌ناڵه لێی دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه.
رۆژنامه‌نووسێكی تر باس له‌وه ده‌كات ئه‌گه‌ر لۆگۆی كه‌ناڵه‌كه‌یان به ئاشكرا دابنێن، ئه‌وكات ده‌كه‌ونه به‌ر هه‌ڕه‌شه و سووكایه‌تی، بۆیه ژیانی رۆژنامه‌نووسان و گیانیان له مه‌ترسیدایه.
"هیومه‌ن رایچ وۆچ" دواتر له راپۆرته‌كه‌ی ده‌ڵێ، تا ئێسته شه‌ش رۆژنامه‌نووس له‌و كه‌ناڵه به‌ڕه‌سمی وازیان له كه‌ناڵه‌كه هێناوه و نا‌وێرن كاری رۆژنامه‌انی بكه‌ن. هاوكات له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ 2020وه تا ئێسته، جیا له گرتن یان سووكایه‌تی به رۆژنامه‌نووسان، چوار رۆژنامه‌نووسیش هاتوونه‌ته كوشتن.