هەڵبژاردنی ئەمەریكا.. شارەزایەكی راپرسییەكان پێشبینی بردنەوەی ترەمپ دەكات

:: PM:07:19:21/10/2020 ‌

بڕیارە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا لە 3ی تشرینی دووەمی داهاتوو دەست پێ بكات و بەپێی زۆرینەی راپرسییەكان جۆ بایدنی كاندیدی دیموكراتەكان لەپێش دۆناڵد ترەمپە، شارەزایەكی پێشووی راپرسییەكانی هەڵبژاردن پێشبینی بردنەوەی ترەمپ، بە خولێكی تری سەرۆكایەتی دەكات.
راپرسییەكان دەنگە شاراوەكانی ترەمپیان فەرامۆش كردووە
لەوكاتەی بەشێك لە راپرسییەكان ئاماژەی بۆ پێشكەوتنی جۆ بایدن، كاندیدیدی دیموكراتەكان بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەمەریكا لە راپرسییەكان دەكەن، رۆبەرت كاهالی، گەورە شارەزای راپرسییەكان لە گرووپی ترافلگار، بە تۆڕی هەواڵی "فۆكس نیوز"ی ئەمەریكی راگەیاند، پێشبینی دەكەین ترەمپ بۆ خولێكی تری سەرۆكایەتی هەڵبژێردرێتەوە. 

زیاتر گوتی، پێم وایە ترەمپ رەنگە بە كەمترین دەنگی 270 كۆمەڵگەی هەڵبژاردن بیباتەوە، لەوكاتەی گرووپی ترافلگار كە بارەگای لە ویلایەتی جۆرجیایە، لە 2016 یەكێك بوو لە پێشبینییە كەمەكانی ئاماژەی بۆ ئەگەری بردنەوەی ترەمپ لە بنسلڤانیا و فلۆریدا و مەشیگان لە شەوی هەڵبژاردن كرد، ئەوكات ترەمپ توانی لەو سێ ویلایەتە سەركەوتنی بەرچاو بەسەر هیلاری كلنتنی ركابەری دیموكراتی بەدەست بێنێت. 

كاهالی بۆ ئەمساڵ رای گەیاند كە هەوڵ نادات پێشبینی وادەی كۆتاهاتنی دەركەوتنی ئەنجامەكان بكات بەهۆی زۆری دەنگەكان لە رێگەی پۆستەوە دێن، كە پەتای كۆرۆنا وای سەپاندووە، لەگەڵ ئەوەیش پێشبینی كرد ترەمپ لە فلۆریدا و ئۆهایۆ و كارۆلینای باكور و جۆرجیا بیباتەوە، دووپاتی كردەوە كە زۆرینەی راپرسییەكان دەنگە شاراوەكانی ترەمپیان فەرامۆش كردووە، كاتێك زۆرێك لە لایەنگرانی پارێزگارەكان و ئەوانەی پاڵپشتی ترەمپ دەكەن، گرنگی بە راگەیاندنی بۆچوونی خۆیان لەو راپرسیانە نادەن و دوودڵن لە بەشداریكردن تیایاندا.   


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل