له پێنجوێن وه‌رزی هه‌ڵكه‌ندنی په‌تاته ده‌ستی پێ كردووه و له ناوه‌ڕاستی مانگی داهاتووشه‌وه، جارێكی تر هاورده‌كردنی له ئێرانه‌وه، ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه.
لوقمان ئاكۆ، یه‌كێك له خاوه‌ن زه‌وییەکانی په‌تاته له نزیك ده‌شتى گۆخڵان له سنوورى شاره‌دێى گه‌رمك، به"وشه"ى ڕاگه‌یاند: ساڵانه له‌م وه‌رزه‌دا و دواى كۆتاهاتنى به‌رهه‌مه‌كانى شووتى و ته‌ماته، وه‌رزى هه‌ڵكه‌ندن و پێگه‌یشتنى په‌تاته ده‌ست پێ ده‌كات، ساڵانه توانیومانه به‌هۆى فێنكى و گونجاویی كه‌شوهه‌واكه‌یه‌وه له‌هه‌ر دۆنمێك 20 تۆن په‌تاته به‌رهه‌م بهێنین.
نرخی هه‌ر كیلۆیه‌ك پەتاتە له نێوان 500 بۆ هەزار دیناری عێراقییە
زیاتر گوتی: ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه له پێنجوێن له بوارى به‌رهه‌مهێنانى په‌تاته كار ده‌كه‌ین، بیرۆكه‌كه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، وه‌ك لاى هه‌مووان ئاشكرایه پێنجوێن به شارێكى كشتو‌كاڵى له باشوورى كوردستان ناسراوه، مه‌به‌ستمانه له‌دواى به‌رهه‌مى شووتى و ته‌ماته په‌ره به په‌تاته‌ش بده‌ین، چونكه په‌تاته یه‌كێكه له‌و مادده خۆراكیانه‌ى، كه خه‌ڵكى له هه‌رچوار وه‌رزى ساڵدا خواستى زۆریان له‌سه‌رى هه‌یه، نرخی هه‌ر كیلۆیه‌كیش له نێوان 500 بۆ هەزار دیناری عێراقییە.
بەپێی قسەی ئەو خاوەن زەوییە، ئێستە له شاره‌كانى ناه‌ڕاست و خوارووی عێراق، خواستێكى زۆر له‌سه‌ر په‌تاته هه‌یه و داخستنی سنووره‌كانیش، بۆ هاورده‌كردنی هۆكارێكی ترن بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كه‌ى، پێگەیشتنی په‌تاته رێژه‌یه‌كی كه‌می ماوه و پێشبینی ده‌كرێت نرخه‌كانی زیاتر به‌رز ببنه‌وه.
له‌باره‌ى تایبه‌تمه‌ندیى په‌تاته‌ى گۆخڵانیشه‌وه، لوقمان ئاکۆ گوتی: رێژه‌ى شه‌كرى ئەم پەتاتەیە كه‌مه و له‌كاتى سووركردنه‌وه‌دا، رۆن كه‌م له‌خۆى ده‌گرێت.
لای خۆشییەوە، نوخشه عه‌زیز کە كرێكارێكى ژنى رۆژهه‌ڵاته و بۆ كاركردن هاتووەته سنوورى پێنجوێن، به"وشه"ى ڕاگه‌یاند: به‌هۆى نه‌مانى كاره‌وه خۆم و خانه‌واده‌كه‌م له شارى سنه‌وه روومان له ده‌شى گۆخلان كردووه، لێره رۆژانه كارى هه‌ڵكه‌ندنى په‌تاته ده‌كه‌ین، ئاگادارین جگه له ئێمه، ژماره‌یه‌ك زۆر كه‌سى تری باشوور ئه‌م كاره ده‌كه‌ن.
باسی لە کارەکانی کرد و گوتی: رۆژانه له به‌یانى زوو تا 4ى ئێواره، به نزیكه‌ى 20 تا 25 هه‌زار دینارى عێراقى كارده‌كه‌ین، بۆ ئێمه بڕێكى باشه و گوزه‌رانى خۆمانى پێ دابین ده‌كه‌ین.
هاوكات به پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى له به‌رێوه‌به‌رایه‌تیى گومرگى مه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى باشماخه‌وه دراوه‌ته "وشه"، له ناوه‌ڕاستى مانگى تشرینی دووەم، به‌هۆى نه‌مان و كه‌مبوونه‌وه په‌تاته‌ى ناوخۆ، جارێكى تر هاورده‌كردنى په‌تاته‌ى ئێرانى ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه.
ده‌شتى گۆخڵان، ده‌كه‌وێته گوندى گۆخڵان له سنوورى شاره‌دێى گه‌رمكى سه‌ر به شارۆكه‌ى پێنجوێن و نزیكه‌ى 35 كیلۆمه‌تر له پێنجوێنه‌وه دووره، به به‌رهه‌مهێنانى په‌تاته‌ى خۆماڵى به‌ناوبانگه.
پێنجوێن/ ڕێبین پێنجوێنى