پەیامی دۆستایەتیی گەلی كورد بە فڕەنسا گەیەنرا

:: PM:01:30:28/10/2020 ‌

جێگری سەرۆكی پەرلەمان و ژمارەیەك لە سەرۆك فراكسیۆنەكان سەردانی كونسوڵگەی فڕەنسایان كرد و پەیامی زۆرینەی گەلی كوردستانیان بە كونسوڵگەی فڕەنسا گەیاند.

ئەمڕۆ چوارشەم 28ـی تشرینی یەكەم، هێمن هەوارمی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، فڕەنسا پاڵپشتییەكانی لە شۆڕشی رزگاریخوازی گەلی كوردستان و پاراستنی هەرێمی كوردستان هەبووە و جێی ڕێزن.

جێگری سەرۆكی پەرلەمان گوتی، ڕاستە زۆرینەی گەلی كوردستان مسوڵمانن، بەڵام گەلی كوردستان لە چەندان نەتەوە و ئاینی جیاواز پێكهاتووە كە بە ئاشتییانە بە یەكەوە دەژین، بۆیە پەیامی زۆرینەی گەلی كوردستانمان بە كونسوڵگەی فڕەنسا گەیاند.

ستایشی هەڵوێستی سەرۆك كۆمارەكانی فڕەنسا و ئەو دەوڵەتەی لە پاڵپشتیی گەلی كوردستان كرد
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دووپاتی لە پێوەندییەكانی هەولێر و پاریس كردەوە و ستایشی هەڵوێستی سەرۆك كۆمارەكانی فڕەنسا و ئەو دەوڵەتەی لە پاڵپشتیی گەلی كوردستان كرد.

"شاندەكەی ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتیی زۆرینەی فراكسیۆن و پێكهاتەكانی كوردستان سەردانی كونسوڵگەی فڕەنسای كردووە و پەیامی دۆستایەتیی گەلی كوردستانی بە گەلی فڕەنسا گەیاند". هێمن هەورامی وای گوت.

باسی لەوەش كرد، فڕەنسا راستەقینەترین پشتیوانی گەلی كوردستان بووە و بەمنزیكانەش شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان سەردانی پاریس دەكات و شاندێكی باڵای ئەو وڵاتەش سەردانی هەولێر دەكات.


 



وشە - رامیار جەواد