کوردێک بە زمانی کوردی بەشداریی لە شانۆگەرییەکی بەناوبانگی ئەڵمانیا کرد

بەشێک لە ئەکتەرانی شانۆکە
:: PM:03:06:28/10/2020 ‌
دوای ماوەیەک دواکەوتنی کاتی نمایش بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، شانۆگەریی "جورجەکانی لودڤیگسهافن" بەبەشداریی کوردێک لە ئەڵمانیا نمایش کرا و تێیدا بە زمانی کوردی قسەی کرد.

شانۆگەریی "جورجەکانی لودڤیگسهافن" لە نووسینی گێرهارد هاوپتمان، ئامادەکردنی  بارابا ڤاندلاند، دەرهێنانی شانۆیی، تیلمان گێرش، یاریدەدەری دەرهێنەر، بیۆرن کلومپ و 17 ئەکتەر لە ڕۆژانی 24ی تشرینی یەکەم تا ئەمڕۆ نمایش کرا.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نمایشەکە دواخرا

لەو شانۆگەرییەدا، بەشدارانی شانۆگەرییەکە کە لە وڵاتی جیاجیاوە هاتوون، جگە لە زمانی شانۆگەرییەکە کە ئەڵمانی بوو، بە زمانی  خۆیان لە چەند دیمەنێک قسەیان کرد، کوردێکیشی تێدا بوو.

بەپێی پلانی پێشوو، دەبوو لە ڕۆژانی 15 تا 18ی ئایاری ئەمساڵ شانۆگەریی "جورجەکانی لودڤیگسهافن" نمایش بکرایە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نمایشەکە دواخرا.

"یوسف مەنتک" ڕۆژنامەنووس، نووسەر، ئەکتەر و هونەرمەندی کورد کە لە شانۆگەریی "جورجەکانی لودڤیگسهافن"ـدا ڕۆڵی کارەکتەری "برۆنۆ" دەبینێت، بە زمانی کوردی و ئەڵمانی لە دوو دیمەندا بە دوو بەش باس لە ئاوارەبوونی گەلی کورد و دابەشکردنی کوردستان دوای جەنگی یەکەمی جیهانی دەکات.

لە دیمەنێکی گرنگدا باسی ژیاننامەی خۆی وەک کوردێک دەکات و دەڵێ: "من ناوم برۆنۆیە، لە شاری هەولێر لەدایک بووم، ڕۆژنامەنووس و نووسەرم، شارەکەی من نزیکەی حەوت هەزار ساڵ کۆنە، دوای جەنگی یەکەمی جیهانی کوردستان کرا بە چوار پارچە، من لەم بەشەوە هاتووم کە عێراق داگیری کردووە".

هەروەها دەڵێ: وڵاتەکەم سروشتێکی جوانی هەیە و بە نەوت و کانزا دەوڵەمەندە، لە سەردەمی باپیرە گەورەمانەوە تا ئەمڕۆ، کوردستان هەردەم دووچاری شەڕ و داگیرکردن بووەتەوە، هەموو ژیانمان بووەتە شەر، من ئارەزووم بووە شانۆ بخوێنم بەڵام بەهۆی ئەوەی من لە ژینگە و کۆمەڵگەیەکی جەنجاڵی و فرە کلتوور و دابونەریتی جیاواز ژیاوم، نەمتوانی ئەم ئامانجەم بەدی بهێنم.

زیاتر دەڵێ: بەهۆی شەڕ، هاووڵاتییانی کورد وڵاتی باب و باپیرانیان جێ دەهێلن، کەسێکی وەک من چەندان سنووری ولاتانم بە پیادە بڕیوە، لە کوردستانی عێراقەوە بۆ ئێران، تورکیا، یۆنان، ئیتالیا و فڕەنسا تا گەیشتووم بە ئەڵمانیا، ڕێ و گەشتێکی سەختم بڕیوە و کە هاتوومەتە ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەرێتیم کرد، بە چەند ڕۆژێک داواکەم قبووڵ کرا...هتد.

لە دوو دیمەنیشدا لە سەرەتا و ناوەڕاست بە کوردی قسە دەکات، باس لە ئاوارەیی و هێرش و پەلامارەکانی سەر کوردان دەکات.
سەرەتا بە پارچەیەک شیعری خۆی دەست پێ دەکات و چەند جارێک دووبارەی دەکاتەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

بەرەو تاراوگە سەرهەڵدەگرم، ئەگەر لە دەیادا نەخنکێم
بێ شک بە ژەهری غوربەت دەمرم
ئەو هەموو هێرش و پەلامارە بۆ سەر کوردان بۆ؟
ئەو هەموو داگیرکارییە و خوێنڕشتنەی کوردان بۆ؟
ئەو هەموو ماڵوێرانی و ئاوارەییەی کوردان بۆ؟
مافی مرۆڤ، مافی مرۆڤ، مافی مرۆڤ
نەتەوە یەکگرتووەکان، دەوڵەتە زلهێزەکان
مافی مرۆڤ هاهاهاها..


وشە - ڕێناس شابان