ترەمپ: 10 دەوڵەت رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل واژوو دەكەن

:: PM:06:14:28/10/2020 ‌

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا توانی هەنگاوێكی جیاواز لە سەرانی پێشووی ئەو وڵاتە باوێ و هەڵمەتێكی بەهێز بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندی وڵاتان لەگەڵ ئیسرائیل دەست پێ بكات، ئەو دەیەوێ بۆ هەڵبژاردن سوود لەو هەنگاوەی وەربگرێت، ئەمڕۆ رای گەیاند كە پێشبینی دەكات 10 دەوڵەتی تر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل واژوو بكەن.
بێ خوێنڕشتن و خەرجكردنی پارە ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێنینە ئاراوە
دوای ئەوەی لە ماوەی چەند مانگی دوایی بە چاودێری ترەمپ لە كۆشكی سپی رێككەوتنی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و ئیمارات و بەحرێن واژوو كرا و دوای ئەوانیش لەگەڵ سوودانیش هاتە راگەیاندن، ترەمپ روونی كردەوە، ئێستە كار لەسەر پێنج دەوڵەتی تر دەكەین، بەڵام پێشبینی دەكەین ژمارەكە بگاتە نۆ یان 10 دەوڵەتی تر.

زیاتر گوتی، پێم وایە لە كۆتاییەكەی هەموو ئەو وڵاتانە دەچنە ناو رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ تەلئەبیب، ئێستە بە رژدی كار لەسەر ئەوە دەكەین و پێشم وایە ئەو رێككەوتنانە دوای هەڵبژاردن دەبێت، بەتایبەتی خۆم بەشدارم لە هەموو ئەو رێككەوتنانە كردووە، بۆیە بەشێوەیەكی جیاواز لەگەڵ ئیدارەی پێشوو كار بۆ ئاشتی دەكەین.

ترەمپ دووپاتی كردەوە، بێ رژانی خوێن و خەرجكردنی هیچ بڕە پارەیەك ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێنینە ئاراوە، بێگومانە پێنج وڵات واژووی رێككەوتنەكە دەكەن و پێشم وایە پێنجی تر بەمنزیكانە دێنە پاڵیانەوە.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل