وڵاتێك پشكنینی كۆرۆنا بۆ تەواوی دانیشتووانەكەی دەكات

:: PM:12:06:31/10/2020 ‌
سلۆفاكیا ئەو وڵاتەی كە لە هەموو دنیادا تاكە نموونەیە بڕیاری داوە پشكنینی كۆرۆنا بۆ تەواوی دانیشتووانەكەی بكات. ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە پێنج ملیۆن و 400 هەزار كەسە، بۆیە لە پێنج هەزار شوێن پشكنین دەكرێت.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ شەموو 31ی تشرینی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، ئەمڕۆ شەموو سلۆفاكیا بەرنامەیەك جێبەجێ دەكات كە پشكنین بۆ تەواوی وڵاتەكە ئەنجام بدات. بۆ ئەو پشكنینە 45 هەزار كەس لە كارمەندی تەندروستی و سوپا و پۆلیس بەشداری دەكەن كە تەواوی پشكنینەكان لە پێنج هەزار شوێن دەبێت.

لەوبارەیەوە سەرۆك وەزیرانی سلۆفاكیا "ئیگۆر ماتۆفیچ" رای گەیاندووە، ئەو بەرنامەیەی ئێمە جێبەجێی دەكەین، هەموو دنیا تەماشای دەكات، دڵنیاین لەو هەوڵەدا گیانی سەدان كەس لە مردن رزگار دەكەین.

بەپێی پێگەكە ئەو پشكنینەی سلۆفاكیا جێبەجێی دەكات، ئەنجامەكەی تەنیا چەند خولەكێكە كە لەڕێی لووتەوە دەبێت و دواتر بۆ تاقیگەكان دێتە ناردن.

لەبارەی پشكنینەوە زیاتر روون كراوەتەوە، راستییەكەی پشكنینەكە بە زۆرەملێ نابێ، بەڵام بڕیارەكە بەو شێوەیەیە هەر كەسێك پێشتر پشكنینی كردبێ و ئەنجامەكەی بە دەستەوە بێت، پشكنینی دووەم نایگرێتەوە، بەڵام هەر كەسێك پشكنینی نەكربێ و بیەوێ خۆی بدزرێتەوە، بێگومان لەڕێی پۆلیسەوە دەگیرێ و سزا دەدرێت. هەر كەسێكیش دەربكەوێ تووشی ڤایرۆسەكە بووە، دەبێ بۆ ماوەی 10 رۆژ خۆی كەرەنیتن بكات و چارەسەر وەربگرێت.

تەنیا دوێنێ هەینی لە سلۆفاكیا سێ هەزار و 663 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، تا ئێستەیش لەو وڵاتە 55 هەزار و 91 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون و لەناویاندا 212 كەس گیانیان لە دەست داوە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د