نیوەی دانیشتووانی زەوی لە خزمەتگوزاری تەندروستی بێبەشن

:: PM:03:50:19/11/2020 ‌
رێکخراوی یونیسێف لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەدات کە دنیا لەبەردەم هەڕەشەیەکی گەورەی تەندروستییە و ئێستە زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی گۆی زەوی لە خزمەتگوزاری تەندروستی بێبەشن.
ساڵانە 310 هەزار منداڵ بەهۆی سکچوونەوە دەمرن .

لە راپۆرتەکەی یونیسێفدا هاتووە، سەرباری ئەوەی دنیا لەڕووی پزیشکی پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، زیاتر لە چوار ملیار و 200 ملیۆن مرۆڤ لەسەر زەوی بەهۆی ئەوەی سیستمی زێرابیان نا ستانداردە، پیساییەکانیان لەسەر زەوی بەجێ دەمێنێت و تەندروستی مرۆڤ و ژینگە دەخەنە مەترسییەوە.

بەپێی ئاماری یونیسێف، 873 ملیۆن مرۆڤ لەسەر زەوی توالێتیان نییە و لە شار و گوندەکانیان لەسەر زەوی توالێت دەکەن و نزیکەی 698 ملیۆن منداڵیش لەناو قوتابخانەکانیان خزمەتگوزاری تەندروستی و توالێتێکی ستانداردیان نییە.

لەو راپۆرتەی یونیسێفدا هاتووە، تەنیا 10 ساڵی ماوە بۆ ئەوەی سیستمی گەشەی تەندروستی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ بکرێت کە بە گرێبەستی 2030ی یونیسێف ناسراوە، بۆیە هۆشداری بە وڵاتان دەدات پەلە بکەن بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان لەگەڵ ئەو سیستمە نوێیەی جیهان بگونجێنن.
زیاتر لە 783 ملیۆن مرۆڤ لەسەر زەوی توالێتیان نییە .

گرێبەستی یونیسێف کە بۆ پەرەپێدانی بنەما تەندروستییەکانی جیهان خراوەتە روو، چەندان ئامانج لەخۆ دەگرێت کە هەموان پێوەستن بە داهاتوویەکی نزیکەوە، ئەو گرێبەستە لە ساڵی 2015 لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی رەهای دەنگەکان پەسند کرا.

ئەو پڕۆژەیە وەک جێگرەوەیەک بۆ ئامانجەکانی پێشکەوتنی "هەزارە" پەسند کرا و 17 ئامانجی سەرەکی و 169 ئامانجی لاوەکی لەخۆی دەگرێت و دەبێ لە ماوەی 15 ساڵ سەرجەم ئەو ئامانجانە بەدی بهێنن کە هەندێکیان بریتین لە، کۆتاییهێنان بە هەژاری لە دنیا و نەهێشتنی برسێتی و سیستمێکی تەندروستی شیاو بۆ هەموو دانیشتوانی گۆی زەوی و پەروەردە و خوێندنی باش و یەکسانی رەگەزی و ئاوی پاک و تەندروستی باش و...هتد.

ئەو راپۆرتەی یەنیسێف لەکاتێکدایە کە پێنج ساڵ بەسەر پەسندکردنی ئەو یاسایە تێدەپەڕێت، بەڵام لەچاو کاتی واژووکردنەکە پێشکەوتنێکی ئەوتۆ لە کۆمەڵگەی مرۆییدا بەدی نەکراوە و رۆژانە هەژاری و برسێتی و بێکاری و دەستهەڵگرتنی منداڵان لە خوێندن و بەدخۆراکی روو لە هەڵکشان دەکات.

بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیک بە نیوەی دانیشتووانی گۆی زەوی توانای دابینکردنی دەرمان و خۆراکی شیاویان نییە و بەشێکی زۆر لە منداڵانی جیهان پەروەردەیەکی باشیان نییە و لە قوتابخانەیەکدا دەخوێنن کە مەترسی رووخانی هەیە و مەرجەکانی تەندروستی تیادا نییە.

یونیسێف بێهیوایە لەوەی دنیا بتوانێت تا ساڵی 2030 ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو گرێبەستە بهێنێتە دی و دەڵێ، ئەگەر بەو خێراییەی ئێستە و بەو پێشوازییە ساردەی وڵاتان بێت، ئەستەمە تا سەدەیەکی تر بتوانن تەنیا لە کەرتی تەندروستیدا بگەنە ئەو ئاستەی لە رێککەوتنەکەدا دیاری کراوە.

ئەو رێکخراوە کۆمەڵیک ئاماری بڵاو کردووەتەوە کە بە مەترسیدار و ناخهەژێن ناوی هێناون و نووسیویەتی، ساڵانە 310 هەزار منداڵی خوار پێنج ساڵان، واتا هەر دوو خولەک و یەک منداڵ بەهۆی سکچوون گیانیان لەدەست دەدەن کە ئەوەش بەهۆی نەبوونی توالێتێکی خاوێن و ئاوی پاکەوە تووش دێن.

لەبارەی ئاماری ئەو کەسانەی توانای سوودوەردگرتن لە خزمەتگوزاری تەندروستییان نییە نووسیویەتی، زیاتر لە سێ ملیار و 850 ملیۆن مرۆڤ لەسەر زەوی توانای سودوەرگرتن لە سیستمێکی رێکوپێکی تەندروستییان نییە یان لە وڵاتەکانیان ئەو سیستمە دانەمەزراوە.

ئەو رێکخراوە ئاماژەی داوە، وڵاتانی ئەفریقی و رۆژهەڵاتی گۆی زەوی تا ئێستە نەیانتوانیوە سیستمێکی تەندروستی سەردەمیانە پێڕەو بکەن کە شیاوی ئەوە بێت مرۆڤ تیایدا هەست بە ئاسایشی تەندروستی بکات.

ئەو رێکخراوە نیگەرانییەکانی هەر بەوەوە نەوەستاوە و پێشبینی دەکات دۆخێکی لەوە خراپتر چاوەڕوانی زەوی بکات و دەڵی، بەهۆی بەردەوامی شەڕ و کاولکاری لە دنیا، هیچ ئاسۆیەک نییە بۆ ئەوەی دانیشتووانی گۆی زەوی دڵخۆش بکەن رۆژێک دابێت دۆخەکە لە ئێستە باشتر بێت، بەڵکو تا دێت ژیان لەسەر ئەو هەسارەیە قورستر دەبێت.

ساڵی 2015 و لەکاتی پەسندکردنی رێککەوتنی 2030 یونیسێف، ئاماری خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە دنیا بەرزتر بوو لە ئێستە و ئەوکات یەک لەسەر سێی دانیشتووانی گۆی زەوی لە خزمەتگوزارییەکان بێبەش بوون، بەڵام بەهۆی تەنگژەی دارایی و شەڕ و برسێتی، ئەو ئامارە هەڵکشاوە بۆ نیوەی دانیشتوانی دنیا.



وشە - هیدایه‌ت جان