گەرمیان.. هەڵكەندنی بیری ئاو بەشێوەی نایاسایی بەردەوامە

:: PM:08:41:19/11/2020 ‌

هەڵەكەندنی بیر بەشێوەی نایاسایی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان بەردەوامە، ئەوەیش لەكاتێكدایە كە ناوچەكە پێویستی بەوەیە ئاستی ئاوی ژێرزەوی بپارێزرێت، تەنیا لەنێوان كەلار و خانەقین، كە شارەوانییەكەیان سەر بە ئیدارەی گەرمیانە، ئەمساڵ هەشت ئامێری هەڵكەندنی بیر دەستی بەسەردا گیراوە.
دوور لە سەنتەری شار كاری بیرلێدان دەكرێت
 كەمال عەلی، سەرۆكی شارەوانی ساڵح ئاغا بە "وشە"ی راگەیاند، لەماوەی ئەمساڵدا دەست بەسەر هەشت ئامێری بیرهەڵكەندندا گیراوە، ئەو ئامێرانە ئاراستەی شارەوانییەكانی گەرمیان كراون، روونی كردەوە، ئەوكەسانەی گیراون، بەڵێننامەیان لە دادگا پێ پڕ كراوەتەوە كە جارێكیتر ئەو كارە ئەنجام نەدەن، دووپاتی كردەوە، هەوڵەكانیان بۆ پاراستنی ئاوی ژێرزەوی چڕ كردووەتەوە.

 پۆلیسی گەرمیان مانەوەی ئەو دیاردە رەت ناكاتەوە و ئاماژە دەكات كە لە كۆتایی ساڵدا ئامار رادەگەیەنن، لەوكاتەی حامد جومعە، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی گەرمیان، بۆ"وشە"پێداگری كرد كە بە هۆكاری گەرمیی ناوچەكە، دەبێ گەرمیان لە ناوچەكانی تر زیاتر دەست بە ئاوی ژَێرزەوییەوە بگرێت .

 لەبارەی بوونی دیاردەی بیری نایاسایی لە شارۆكەی كفری، قادر فاتح، سەرۆكی شارەوانی ئەو شارۆكەیە نەیشاردەوە ئەو حاڵەتە هەیە، بەڵام كەمبووتەوە و دوور لە سەنتەری شار كاری بیرلێدان دەكرێت.

 لای خۆیانەوە هاووڵاتییانی گەرمیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و لە لێدوانەكانیاندا بۆ"وشە"دەڵێن، تا باخی بەرپرسان مابێ و بیری نایاسای لە باخەكانیان لێ بدرێت، ئەو دیاردەیە كۆتایی نایەت .

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل