دانا جه‌زا: گواستنه‌وه‌ی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم بۆ به‌غدا هه‌وڵێكی‌ شكستخواردووه‌

:: PM:06:28:21/11/2020 ‌
ئه‌ندامێكی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق ڕای‌ ده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ر هه‌وڵێك بۆ گواستنه‌وه‌ی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ كوردستان بۆ سه‌ر به‌غدا، هه‌وڵێكی‌ شكستخواردووه‌ و ده‌ستووری‌ عێڕاق ڕێگری‌ له‌وه‌ كردووه‌.

نزیكه‌ی‌ 100 ئه‌ندامی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق پڕۆژه‌یه‌كیان ئاماده‌كردووه‌ و ده‌یانه‌وێ‌ مووچه‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ كوردستان بگوازنه‌وه‌ سه‌ر به‌غدا، له‌ناو ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌دا ئه‌و گرووپه‌ په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌یشی‌ تێدایه‌ كه‌ به‌رده‌وام له‌ به‌غداوه‌ دژایه‌تی‌ كوردستان ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ‌ قه‌واره‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان تێك بده‌ن.

هه‌ركه‌سێك ئه‌لفێك له‌ یاسا بزانێت ده‌زانێ‌ كه‌ گواستنه‌وه‌ی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم ڕێپێدراو نییه‌
ئه‌مڕۆ شه‌موو 21ی‌ تشرینی‌ دووه‌م، دانا جه‌زا ئه‌ندامی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، به‌ "وشه‌"ی‌ راگه‌یاند، ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان ده‌توانن هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كیان ده‌وێ‌ پێشكه‌شی‌ بكه‌ن، ئێسته‌ كه‌ واژوو كۆ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ كوردستان ببه‌سترێ‌ به‌ به‌غداوه‌، به‌ڵام هه‌رشتێك مووچه‌ جێگیر بكات ئێمه‌ پشتگیری‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ یاسا نه‌بێت.

روونیشی‌ كرده‌وه‌، ئه‌و هه‌وڵه‌ی‌ ده‌ستی‌ دراوه‌تێ‌ پێچه‌وانه‌ی‌ یاسا و ده‌ستووره‌ و له‌ ماده‌ی‌ 121 بڕگه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ ده‌ستوور به‌ڕوونی‌ نووسراوه‌ كه‌ هه‌رێمه‌كان ده‌توانن دامه‌زراوه‌ و دارایی‌ خۆیان هه‌بێت، بۆیه‌ ئه‌ركی‌ به‌رێوه‌بردنی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ ئه‌ستۆی‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێمه‌ و ده‌ستوور ئه‌وه‌ی‌ دیاری‌ كردووه‌.

دانا شه‌هید جه‌زا دووپاتی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی‌ ئێسته‌ هه‌یه‌ هه‌وڵێكی‌ "فاشیله‌"، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌غدا خۆی‌ بیزانیویانه‌ ئه‌و كاره‌ ئاسانه‌ و یاساییه‌ ئه‌وه‌ پێویستی‌ به‌ ڕێپێندان نه‌ده‌كرد.

هه‌روه‌ك پێشی‌ وایه‌ پرسی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم بۆ سه‌ر به‌غدا ته‌نیا بۆ بانگه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ و " هه‌ركه‌سێك ئه‌لفێك له‌ یاسا بزانێت ده‌زانێ‌ كه‌ گواستنه‌وه‌ی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم ڕێپێدراو نییه‌".



وشە - سه‌رخێڵ هاشم

ئه‌م بابه‌ته 689 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌