ئاری بابان کۆچی دوایی کرد

:: AM:08:47:26/12/2020 ‌
هونەرمەندی شێوەكاری كەركووك ئاری بابان، دوای سێ‌ ڕۆژ لە نەشتەرگەریی مێشك، بەرەبەیانی ئەمڕۆ كۆچی دوایی كرد.

دوای ئەوەی هونەرمەند و شێوەكاری كەركووك ئاری بابان لە ڕۆژی 23ـی كانوونی یەكەم نەشتەرگەریی مێشكی بۆ ئەنجام درا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەموو 26ـی كانوونی یەكەم، كۆچی دوایی كرد.

ئاری بابان دوای نەشتەرگەرییەكە باری تەندروستی ناجێگیر بوو و لەژێر چاودێریی ورد و چڕی پزیشکدا بوو.

ئاری بابان لە 19ـی تشرینی دووەمی 2019 لە شاری سلێمانی 12مین پێشانگای تایبەت بە كارە هونەرییەكانی بۆ كرایەوە، خاوەنی زۆرترین تابلۆی شێوەكارییە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان.

ئاری بابان لە ساڵی 1953 لە كەركووك لە دایك بووە، چەندان ساڵ بەڕێوەبەری گشتیی كتێبخانەی سلێمانی بووە و زۆرترین تابلۆكانیشی دووپاتكردنەوەیە لەسەر پاراستنی مافی ژن، هاوكات پێشتر ئەندامی باڵای ئەنجوومەنی رێكخراوی هونەرمەندامی كوردستان بوو كە ئێستە ئەنجوومەنی باڵای سەندیكای هونەرمەندانی كوردستانە.




وشە - رامیار جەواد