ئیسرائیل تاوتوێی بەرپەرچدانەوەی سەربازیانەی ئێران دەكات

:: PM:07:05:14/01/2021 ‌

بەهۆی نادیاریی سیاسەتەكانی جۆ بایدن، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخێكی چاوەڕوانیدا دەژیت، ئێران بەمدواییە چالاكییە ئەتۆمییەكان و پیتاندنی یۆرانیۆمی زیاد كرد، بەرپرسانی ئیسرائیلیش تاوتوێی بژارەی سەربازی دەكەن بۆ بەرپەرچدانەوەی ئێران.
ئیسرائیل بەتەنیایش بمێنێتەوە رێگە نادات ئێران پڕۆگرامی ئەتۆمی پەرە پێ بدات
بنی گانتس، سەرۆكی حكوومەتی شوێنگرەوە و وەزیری بەرگری ئیسرائیل گوتی، ئێران لە ساڵانی دواییدا پێشوەچوونی لە بواری توێژینەوەكانی ئەتۆمی بەدەست هێناوە و سیستمێكی هەیە دەیەوێ بە چەكی ئەتۆمی بگات، بۆیە پێویستە ئیسرائیل بەرانبەر بەوە بژارەی سەربازی هەبێت، ئەوە كاركردنی دەوێ و منیش دەیكەم.

لەوناوەدا جەنەرال ئاڤیڤ كوخافی، سوپاسالاری ئیسرائیل داوای لە سوپا كرد بە ئامادەكردنی پلانێكی سەربازی بۆ رێگرتن لە ئێران بە گەیشتن بە توانای ئەتۆمی، بۆیە بڕیارە سبەی هەینی رۆژنامەی "ئیسرائیل تودەی"، زانیاری زیاتر لەبارەی پلانەكە ئاشكرا بكات، ئەو ئاماژەی كردبوو كە سێ سیناریۆ بۆ مامەڵەكردنی سەربازیانە لەگەڵ ئێران هەن كە بۆ داهاتوو گەڵاڵە دەبن.   

تساحی هنجبی، وەزیری نیشتەجێكردنی ئیسرائیل روونی كردەوە، حكوومەتی وڵاتەكەی هەوڵ دەدات ئیدارەی نوێی ئەمەریكا رازی بكات بەوەی هەڵەكانی ئیدارەی ئۆباما دووبارە نەكاتەوە، بۆیە ئەگەر جۆ بایدن چووەوە ناو رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، ئیسرائیل بەتەنیا لە جەنگ لەگەڵ ئێران دەمێنێتەوە، بەڵام رێگە بەوە نادات پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی پەرە پێ بدات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل