هێڤیدار ئەحمەد: سەرۆکی حکوومەت پێی گوتم تەنیا شەفافیەت سەرکەوتوومان دەکات

هێڤیدار ئەحمەد - په‌رله‌مانتار
:: PM:12:11:15/01/2021 ‌
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، سەرۆکی حکوومەت پێی ڕاگەیاندووم کە کاری تەواوی بۆ شەفافیەت دەکات تا لەو دۆخە ڕزگارمان بێت و چاکسازییش تا دوا خاڵ بەردەوام دەبێت.

هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆک لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لەگەڵ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان قسەمکردووە لە بارەی چاکسازی و سەرۆکی حکوومەت پێی گوتووم کە سەرکەوتنی ئێمە و حکوومەت لە شەفافیەتدایە و هەموو کارێک بۆ ئەو شەفافیەتە و جێبەجێکردنی دەکەین.

زیاتر گوتی، سەرۆکی حکوومەت ئەوەی دەستی داوەتێ بەردەوام دەبێت و تا گەیشتن بە خاڵی کۆتایی بەردەوام دەبێت و وەستان نییە، ئەو چاکسازییە دەگاتە وێستگەی خۆی و کۆتایی بەو دۆخە دێت و بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی نایاسایی بەردەوامە.

هەروەها گوتی، چاکسازی کەوتووەتە سەر سکەی خۆی و بە کەس ڕاناگیرێت، حکوومەت لە هەموو کەرتەکان چاکسازی دەکات و ئەوەی بیری لێ نەکرێتەوە لە چاکسازی هەمووی دەکرێت و کۆتایی بەو دۆخە دەهێنرێت کە ساڵانێکە لە پاڵ حکوومەت کراوە و مووچەی نایاسایی و زۆر وەرگیراوە، چاکسازی بەردەوامە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسایی چاکسازی دەستی کردووە بە بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی نایاسایی و تا ئێسته‌ مووچەی 40 هەزار کەس ڕاگیراوە و بەشێک لەوانەیش خانەنشینی نایاسایین کە بە پلەی باڵا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو دامەزراون.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - محەمەد میران