شێوازێكی نوێی قاچاخچییەتی ناو گومرگەكان ئاشكرا دەكرێت

:: AM:08:57:17/01/2021 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، مۆدێلێكی نوێی كاری قاچاخچییەتی لە مەرزەكان، دەستی پێ‌ كردووە و بەناوی گواستنەوەی شیش بۆ سووریا، بەڵگەنامە ساختە كراوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 17ـی كانوونی دووەم، هێڤیدار ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، لە هەندێ بەڵگەی ساختەدا دەروازەی پەروێزخانی نێودەوڵەتی، قاچاخچییەتی بەهێنانی ئاسن دەكەن بە ناوی (ترانزێت) كە ئاسنەكە بو سووریایە.

دەركەوتووە بەڵگەكان ساختە كراون و ئاسنەكە لەناو هەرێمی كوردستان فرۆشراوە
ئەو ئەندام پەرلەمانە ڕوونی كردووەتەوە، دەركەوتووە بەڵگەكان ساختە كراون و ئاسنەكە لەناو هەرێمی كوردستان فرۆشراوە، كە تێیدا ژمارەی تابلۆی بارەكان دیارن و بەڵگەكان بە زاراوەی (بادینی) نووسراون، وەك ئەوەی دەروازەی سێماڵكا پشتڕاستی كردووەتەوە كە "بەڵێ" ئەو بارانە دەربازی سووریا بوونە.

باسی لەوەش كردووە، بەگوێرەی بەڵگەكان نزیكەی 355 تۆن شیش لەرێی 15 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بەناوی كۆمپانیای "الشركە الدولیە الاوروبیە" داخل كراون، هەر بەناوی هەمان كۆمپانیا لە رێی (ترانزێت)ەوە بۆ سووریا رەوانە كراون.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرای كردووە، بەدواداچوونی كردووە لەگەڵ دەروازی فیشخابوور "سێماڵكا" كە ئاخۆ ئەم بەڵگانە راست و دروستن؟ ئەو بارانە و ئەو هەموو تۆنەی شیش رەوانەی سووریا كراون، دەركەوتووە بەڵگەكان ساختەن و بارەكان هەمووی لەناو بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان ساغ كراونەتەوە.



وشە - رامیار جەواد