هەڵبژاردنەكانی عێراق دووەم قۆناغی ململانێی گەنجانی ناڕازی و هێزەكانی دەسەڵات

:: PM:05:14:21/01/2021 ‌

سێشەمی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقی لە 6ی حوزەیرانەوە بۆ 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو دواخست، حكوومەت دەڵێت سوورین لەسەر هەڵبژاردنەكە، موقتەدا سەدر هەڕەشەی دووبارە دواخستنی كرد، شارەزایان دەڵێن زەحمەتە لەو وادە نوێیەیش هەڵبژاردن ساز بكرێت، هەر ئەوان ئاماژە دەكەن كە دواخستنەكە هەلێكە بۆ حزبە كۆنەكانی دەسەڵات و ئەوانەیشی بەناوی خۆپێشاندەرانەوە دروست بوونە بۆ قووڵبوونەوە لەناو جەماوەردا.

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق بەمدواییە پەیامێكی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كرد و پێشنیازی دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی بۆ 16ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ كرد، ئەو رای گەیاند كە ناتوانن لە 6ی حوزەیرانی ئەمساڵدا هەڵبژاردن بەڕێوە ببەن، دوو هۆكاری سەرەكی بۆ دواخستنەكە دیاری كرد، لەوانە درێژكردنەوەی ماوەی تۆماركردنی هاوپەیمانی و قەوارە سیاسییەكان، هەروەها بواردانی زیاتر بە خەڵك بۆ نوێكردنەوەی كارتی دەنگدان و ئەنجامدانی بایۆمەتری بەشداریكردن لە پرۆسەكەدا.

لەلایەكی تر و بەپێی زانیارییەكان ئەوەی لە ژوورە داخراوەكان لە رێككەوتن و سازشكردن و زمانی ئاخاوتنی هێز و هاوپەیمانیەتییەكان دەگوزەرێت، شتێكی تری تەواو جیاوازە و هۆكاری دواخستنی پرۆسەكە و بڕیارەكە لەوێوە دەرچووە، كاتێك حزبە كۆنەكانی دەسەڵات و میلیشیاكان بەهۆی ئەوەی لە ماوەی رابردوودا گەورەترین زیانیان بەهۆی ناڕەزایەتی جەماوەری بەر كەوت، بەتایبەتی لەناو ماڵی شیعەدا، هەروەها ئەو سەركوتكارییەی دژ بە خۆپێشاندەران كردیان دوای سووتانی بارەگاكانیان، دەیانەوێ لەلایەك ئەوانە لەبیر خەڵك ببەنەوە، هەروەها جەماوەرەكەیان ئاشت بكەنەوە، جیا لە بەكارهێنانی پارەی سیاسی و چەك بۆ راكێشانیان، هاوكات لاوازكردنی نەیارانیان و رێگرتن لە بەرجەستەبوونی ناڕەزاییكاران و گەنجانی شیعە لە چوارچێوەی چەند بزاوێكی سیاسی كاریگەر لەناو هەڵبژاردنەكان و بردنەوەی زیاترین كورسی پەرلەمانی.

هاوكات لەگەڵ ئەوەیش بەشێك لە چاودێران پێیان وایە ئەو دواخستنەی وادەی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی ئەو حزبە نوێیانەیە كە لە منداڵدانی گۆڕەپانەكانی ناڕەزایەتی لە بەغدا و شارەكانیتر لەدایك بوونە، بەوەی هەلی زیاتریان بۆ خۆناساندن و جۆشدانی خەڵك و گەنجانی ناڕازی بۆ دەنگدان پێیان و بەشداریكردنێكی بەهێز و كارا بەرانبەر رەوتەكانی ئیسلامی سیاسی خاوەن سەنگ لەناو پەرلەمان، لەو هەڵبژاردنەی كە لە ساڵانی رابردوو متمانەی تەواوەتی بوونی بە ئامرازێك بۆ گۆڕانكاری، لەدەست داوە. 
گەنجانی ناڕازی بەچڕی بەشداری هەڵبژاردن بكەن دۆخ و چارەنووسی عێراق دەگۆڕێت
بەپێی چاودێران یەكێك لە هۆكارەكانی دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەوە بووە نەكەوێتە وەرزی هاوین و گەرما، كە عێراق بەدەست كێشەی كەمی كارەباوە دەناڵێنێت، ئەوەیش كار دەكاتە سەر میزاجی دەنگدەرانەوە، كە تا ئێستە ئەو دۆسییە یەكێكە لە تەنگژە گەورەكانی بەردەم حكوومەتی عێراقەوە، ئەوەیش وا دەكات كە دەنگدەران دەنگ دژ بە هەر هێزێكی سیاسی دروستكراو لەلایەن كەسانی دەسەڵاتدار لەوانەیش كازمییەوە بدەن.

هاوكات درێژكردنەوەی وادەی هەڵبژاردن و تۆماركردنی بزاو و قەوارەی نوێ بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەكە، ئەگەرچی هەلێكە بۆ هێزەكانی ناو بزاوی تشرینی بۆ خۆناساندنی باشتر و كۆكردنەوەی پاڵپشتیی جەماوەری بۆ پرۆسەكە، هاوكات لە زیانی ئەواندایە، چونكە تادێت حزب و هێزی سیاسی زیاتری ئەوان و لەلایەن حزبەكانی دەسەڵات بەناوی ئەوانەوە تۆمار دەكرێت، ئەوەیش دەنگی دەنگدەرانیان پەرتەوازە دەكات.

لەگەڵ ئەوەیشدا چاودێران پێیان وایە بەشداریكردنی زۆری دەنگدەران، بەتایبەتی گەنجان لە هەر هەڵبژاردنێك، حزبە كۆنەكانی دەسەڵاتدار لە عێراق، كە زۆرینەیان لە ئیسلامی سیاسییەوە سەریان هەڵداوە، دەخاتە كێشەیەكی گەورەوە، چونكە لە هەڵبژاردنی 2018 كاتێك خەڵكێكی زۆر بایكۆتی هەڵبژاردنەكانیان كرد، حزبەكانی ئیسلامی سیاسی شیعە و میلیشیاكانی سەر بەئێران گەورترین سوودمەند بوون، بۆیە ئێستە حكوومەتی مستەفا كازمی دەیەوێ ئەوە دووبارە نەبێتەوە.

سەرەڕای ئەوەی بزاوی ناڕەزایەتی تشرینی 2019 توانی كایەی سیاسی عێراق بهەژێنێت و چەندان داواكاری گەورە بەسەر پرۆسەی سیاسیدا بسەپێنێت و هیوای گۆڕانكاری بە شەقام بدات، بەڵام پێدەچێت لەبەر چەندان هۆكارەوە ئەو بزاوە بەر لەوەی بە ئامانجی راستەقینەی لە گۆڕانكاری پرۆسەی سیاسی بگات، خەریكە نامێنێت، ئەوەیش وای كرد ئەو بێئومێدییەی لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو وای كردبوو خەڵك بەشداری پرۆسەكە نەكات، دروست ببێتەوە، ئەگەرچی لە پرۆسەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران كە ئێستە بەردەوامە، تێبینی خواستی بەشداریكردنی گەنجان دەكرێت، وەك كۆمسیۆن ئاماژەی بۆ كردووە.

ژمارەی دەنگدەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردن بە 25 ملیۆن كەس دەخەمڵێندرێت، ئەگەر بەشداریكردنی گەنجان لە پرۆسەكە دووپات ببێتەوە، ئەوكات مەترسییەكی گەورە بۆ سەر حزبەكانی ئیسلامی سیاسی دروست دەبێت، چونكە گەنجان بڕبڕەی پشتی ناڕەزایەتییەكانی تشرینیان پێكهێنابوو و زیاترین قوربانی ئەوان دایان و دیارە دروشمەكانیان دژی حزب و میلیشیاكانی سەر بە ئێران بوو و بارەگای ئەوانیان سووتاند، بۆیە چاودێران دەڵێن ئەگەر ئەو گەنجانە بەچڕی بەشداری هەڵبژاردن بكەن، ئەوكات ئەگەری هەیە دۆخ و چارەنووسی عێراق بگۆڕێت.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل