عێراق.. كۆبوونه‌وه‌ى ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمان كۆتایى هات

:: PM:01:53:22/01/2021 ‌
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 22ى كانوونى دووه‌م، ئەنجوومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی، فەرماندەی هێزە چەکدارەکان و سەرۆک وەزیرانى عێراق له‌ به‌غدا به‌په‌له‌ له‌باره‌ى ته‌قینه‌وه‌كانى دوێنێى به‌غدا و گۆڕینى ژماره‌یه‌ك گه‌وره‌ به‌رپرسی ته‌ناهى له‌ پۆسته‌كانیان‌، کۆبوونه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مستەفا کازمی، فەرماندەی هێزە چەکدارەکان و سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕاى گه‌یاند، "دابینکردنی ئاسایش تەنیا وشەیەك نییە لە میدیاکاندا باسی لێوە بکەین، بەڵکو بەرپرسیارێتییە، ئەوەی دوێنێ ڕوویدا پێشێڵکارییە کە ئێمە ڕێ بە دووبارەکردنەوەی نادەین، ئێمە بەڵێنمان بە ئاسایشی گەلەکەمان داوە و ئەم ڕووداوەیش بەڵگەی ئەوەیە کە بۆشایی ته‌ناهى هەیە و دەبێت بە خێرایی پڕبکرێتەوە".

زیاتر گوتى، "دەزگا ته‌ناهییه‌كان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هەوڵێکی گەورەیان داوە و لە دژی تیرۆرستانى داعش ئۆپەڕاسیۆنێکی گەورە ئەنجام داوە، زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکانیش سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، ڕۆژانە هەوڵی داعش هەیە بۆ گەیشتن بە بەغدا کە بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشوەختە پوچەڵ کراونەتەوە، بەداخەوە دوێنێ توانیویانە ئەو کارە بکەن و خوێنی بێتاوانیان ڕشت و ڕێ بە دووبارەبوونەوەی پێشێلکارییە ته‌ناهییه‌کان نادەین".

ڕوونى كرده‌وه‌، "لە دەزگای هەواڵگریدا ناكۆكى گه‌وره‌ و ڕوون هەیە، ه‌بۆیه‌ پێویستە بەپەلە چارەسەر بکرێت، من بە تایبەت خۆم چاودێری ئەم بابەتە دەکەم، بۆیە بارودۆخێکی نوێ دەسەپێنین و ڕێکاری بەپەلە دەگرینەبەر".

کار لەسەر پلانێکی ته‌ناهى گشتگیر و کاریگەر دەکەین
ئاشكراى كرد، "ئێمە زنجیرەیەك گۆڕانکاریمان لە پێکهاتەی ته‌ناهى و سەربازیدا کردووە و کار لەسەر پلانێکی ته‌ناهى گشتگیر و کاریگەر دەکەین، بۆ ئەوەی هەوڵەکانمان بۆ نەهێشتنی بەرەنگارییەکان بە ئەنجام بگەیەندرێت".

ئاماژه‌ى دا، "پێگەی ته‌ناهى بەرپرسیارێتییە و کاتێك پێشێلکارییەك هەبێت دەبێت سەرکردایەتی ئاسایش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت، ئەوەیش بە مانای بەکەمسەیرکردنی ئەو سەرکردانە نییە، کە لە قۆناغەکانی پێشتردا وەڵامیان داوەتەوە، بەڵکو ئەوە دووپات كردنه‌وه‌یه‌ لەوەی پێداچوونەوە بە بەپرسیارێتیدا دەکرێت هەرکەسێك لە هەر جێگەیەکدا دەسەڵاتی هەبێت".

ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو، "ژیانی هاووڵاتییان جێگەی یاریکردن نییە، ڕێ بە ناکۆکی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا نادەین، دەبێت ڕاهێنانی زیاتریش بە هێزەکان بکرێت و وانە لە کەموکوڕیەکان وەربگرین".

مستەفا کازمی گوتی، "عێراق وڵاتێکی یەکپارچەیە و پێویستە هەموو دەزگا ته‌ناهى و سەربازییەکان بە یەك گیانەوە هەڵسوکەوت بکەن. بە ڕژدى یەکخستنی هەوڵە هەواڵگرییەکان دەسەپێنین."

بەیانی ڕۆژى پێنجشەم 21ى كانوونى دووه‌م، دوو تەقینەوەی دوای یەك ناوەڕاستی بەغدایان هەژاند، بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق ژمارەی كوژراوان گەیشتە 32 كەس و بریندارانیش 110 كەسن، تەقینەوەكان لە گۆڕەپاتی تەیەران لە باب ئەلشەرقی ڕوویان داوە و ئێستە 36 بریندار لە نەخۆشخانە ماونەتەوە.


وشە - محەمەد میران