بۆچی هەندێك وڵات لە بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا سەركەوتووتر بوون؟

:: PM:12:26:26/01/2021 ‌
كاتێك لە سەرەتای ساڵی 2020 لە چین كۆرۆنا سەری هەڵدا و پاشان بە وڵاتانی تردا بڵاو بووەوە، زۆر كەس پێیان وابوو ئەوەی زیاتر مەترسی ئەو ڤایرۆسەیان لەسەرە ئەو وڵاتانەن كە سیستمێكی دواكەوتووی تەندروستییان هەیە، بەڵام ئەمە راست دەرنەچوو.

بە پێی ئەو راپۆرتانەی پێشتر بڵاو دەكرانەوە، دەبوو وڵاتان بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەكان زیاتر سەیری ئەمەریكا و بەریتانیایان بكردایە و لێیان فێر بوونایە، چونكە سیستمی تەندروستییان پێشكەوتووە. وڵاتانێكی تری وەك نیوزلەندا و چین و ڤێتنام  ژێرخانی تەندروستییان لە دۆخێكی خراپتردایە و بەرانبەر نەخۆشییەكان لەرزۆكن، كەچی ئەمە پێچەوانە دەرچوو.

لە ئەمەریكا و بەریتانیا هەر ساڵی رابردوو بە فەرمی ئەوە راگەیەنرا كۆرۆنا لە كۆنترۆڵ دەرچوو و ناتوانن پێشی بگرن، كەچی لە هەمان كاتدا رێكخراوی تەندروستی جیهانیی دەستخۆشی لە چین كرد كاتێك توندترین رێوشوێنی بەرانبەر كۆرۆنا گرتەبەر و توانی كۆنترۆڵی بكات.

ڤێتنام كە ژمارەی دانیشتووانی 95 ملیۆن كەسە، تەنیا 35 كەس بە كۆرۆنا مردوون


لە وڵاتێكی وەك ڤێتنام كە ژمارەی دانیشتووانی 95 ملیۆن كەسە، تەنیا 35 كەس بە كۆرۆنا مردوون، بەڵام بەڕاستی هۆكارەكە چییە؟ ئەمە پرسیاری زۆر لە زانایانە، هەموو وڵاتان لەگەڵ كێشەیەكی هاوبەش بەرەوڕوون، بەڵام بەشێكیان سەركەوتوو و بەشێكی تر شكستیان هێناوە.

راستە وڵاتان هەندێك جیاوازییان لەگەڵ یەكتردا هەیە، بۆ نموونە لە وڵاتێكی وەك ئیتاڵیا ژمارەی بەساڵاچووان بەراورد بە وڵاتێكی وەك ئەفریقای باشوور زۆر زیاترە، یان لەوانەیە لە وڵاتێك ئامارەكان هاوشێوەی وڵاتێكی تر بڵاو نەكرێنەوە و جۆرێك جیاوازی لە سیستمی وڵاتان هەبێت، بەڵام ئەوەی بە بۆچوونی زۆربەی زانایان وایكرد هەندێك وڵات سەركەوتوو بن، بۆ یەكەم هەنگاویان دەگەڕێتەوە كە دژی كۆرۆنا گرتیانەبەر.

خۆ دەكرێ لێرە هەرێمی كوردستانیش بە نموونە بهێنینەوە كاتێك لە سەرەتای سەرهەڵدانی كۆرۆنا رێوشوێنەكان زۆر توند بوون، حاڵەتەكانی تووشبوون و قوربانی لە كوردستان ئەوەندە كەم بوون شایانی باسكردن نەبوون و دۆخەكە بە تەواوی لە كۆنترۆڵدا بوو. ئەو رۆژانەی لە وڵاتانی ئەوروپا رۆژانە بە سەدان كەس دەمردن، لێرە بە 10 رۆژیش كەسێك نەدەمرد.

لە هەرێمی كوردستان كاتێك رێوشوێنەكان سست كران و ڤایرۆسەكە بە گەڕەكەكاندا بڵاو بووەوە، دۆخەكە لە كۆنترۆڵ دەرچوو


هەر لە هەرێمی كوردستان كاتێك رێوشوێنەكان سست كران و ڤایرۆسەكە بە گەڕەكەكاندا بڵاو بووەوە، دۆخەكە لە كۆنترۆڵ دەرچوو، بینیمان ژمارەیەكی زۆری خەڵك بوونە قوربانی و بە هەزاران كەس گیانیان سپارد. لە كوردستان ماڵ نییە ئازیزێك یان دۆستێكی خۆی بەهۆی كۆرۆنا نەمردبێت. ئەگەر ئەو دۆخە لە كۆنترۆڵ دەرنەچووایە، ئەوا زیانەكانیش زۆر كەمتر دەبوون.

گرنگترین هەنگاو كە وڵاتیك لە دژی كۆرۆنا گرتبیتییە بەر، چین بوو و 50 ملیۆن كەس لە دانیشتووانی ووهانی كەرەنتین كرد و ئەمەش بە دەستپێكی سەركەوتنی ئەو وڵاتە بەسەر كۆرۆنا هەژمار دەكرێت.

ئەوەی لە بەشیك لە وڵاتانی رۆژئاوا جێی تێڕامان بوو ئەوەیە، سەرەڕای ئەوەی كە لە رووی زانستی پزیشكییەوە پێشكەوتووترن، كەچی هەندێك وڵات لە ئاستی رێبەرانیان بە كەم بایەخ سەیری ڤایرۆسی كۆرۆنایان كرد و بە نەخۆشییەكی ئاساییان هەژمار كرد.

بۆ نموونە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا لەو كەسانە بوو گرنگییەكی ئەوتۆی بەو ڤایرۆسە نەدا، تەنانەت كاتێك خۆیشی تووشی ڤایرۆسەكە بوو گوتی، لەگەڵ ئەنفلەوەنزای ئاسایی هیچ جیاوازییەكی نییە. ئەم جۆرە دەربڕینانە زیانێكی زۆری بەدواوە بوو و كەمتەرخەمییەكان بوونە هۆكاری زیاتری تەشەنەی ڤایرۆسەكە و دواجار لێكەوتنەوەی قوربانی زیاتر.

بەگوێرەی بی بی سی، پڕۆفیسۆر كینگ یەكێك لەو كەسانەی توێژینەوەی لەسەر رێكاری وڵاتان كردووە، دەڵێت ئەو وڵاتانەی ژێرخانی تەندروستی و دەرمانییان لاواز بوو، توانیان بە گرتنەبەری خێرای رێكاری گونجاو لە كاتی پێویستدا باشتر بەرەنگاری كۆرۆنا ببنەوە.

بە بۆچوونی ئەو زانایە هیچ ستراتیج و رێكارێك بە بێ پاڵپشتی هەندێك سیاسەتی كۆمەڵایەتی سەركەوتوو نابێت. بۆ نموونە بۆ خەڵك و زۆر لە كار و كاسبییەكان، دەبێت رێكارێك دابنرێت لە لایەك دەستیان بە كار و كاسبی رابگات و لە لایەكی تریش رێنوێنییەكان بە تەواوی جێبەجێ بكەن.

ئەو هەروەها دەڵێ، توانای چین بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا نابێت هەر بەوە ببەستینەوە پێمان وابێ وڵاتێكی دیكتاتۆرە و بێبەزەییانە یاساكان دەسەپێنێت، بەڵكو ئەو وڵاتە سیاسەتی كۆمەڵایەتیی بەهێزی هەیە و بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵك لە برسێتی و كارەسات رزگار بكات، هانای بۆ ئەو رێكارە توندانە برد.

تووشبووانی كۆرۆنا لە دنیادا 100 ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە، دوو ملیۆن و 150 هەزار كەسیش مردوون


پێویستە بگوترێ ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە دنیادا 100 ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە، دوو ملیۆن و 150 هەزار كەسیش بە ڤایرۆسەكە گیانیان لە دەست داوە.

ئەمەریكا بە 25 ملیۆن تووشبوو و 431 هەزار مردن لە ریزبەندی یەكەمی وڵاتان دێت، دوای ئەویش هیندستان و بەرازیل و رووسیا، بەریتانیا و فڕەنسا هەڵكەوتوون.



وشە - سلێمان تاشان