حكوومه‌تی مسته‌فا كازمی جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی پێش خۆی دروست نه‌كردووه، به‌هه‌مانشێوه‌ی پێشوو له دوای متمانه‌دان به حكوومه‌ته‌وه به ده‌یان لیژنه بۆ كێشه و گرفت و كوشتن و ڕفاندنه‌كان له‌لایه‌ن كازمی دروستكراون، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ماوه‌ی زۆریش به‌سه‌ر پێكهێنانی لیژنه‌كان تێپه‌ڕیوه، كه‌چی هیچ ئه‌نجامێك دیار نییه، بۆیه خه‌ڵكی گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی كه ته‌نیا بۆ كات كوشتن و هێوركردنه‌وه‌ی ناڕه‌زاییه‌كان لیژنه‌كان دروست ده‌كرێن.
له مانگی ئایار/مایۆی ساڵی ڕابردوو كه حكوومه‌تی كازمی متمانه‌ی پێ دراوه، تا ئێسته زیاتر له 20 لیژنه بۆ چه‌ندان گرفت له‌لایه‌ن كازمییه‌وه پێكهێنراون و ئه‌رك و كاره‌كانیان بۆ دیارییكراوه، به‌هۆی دواكه‌وتنی ده‌رخستنی ئه‌نجامی كاری لیژنه‌كانیش، له په‌رله‌مانه‌وه داوای لێپرسینه‌وه له حكوومه‌ت ده‌كرێ، بۆ ئاشكراكردنی ده‌رئه‌نجامی كاری ئه‌و لیژنانه و ڕاستبوون له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و به‌ڵێنه‌كانی كازمی و حكوومه‌ته‌كه‌ی.
سه‌باح عگیلی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌وباره‌وه ڕایگه‌یاند، كه پێویسته چیتر ڕێ به دروستكردنی لیژنه‌كان به‌م چه‌شنه‌ی ئێسته نه‌درێ، به‌ڵكو ده‌بێ كات و كاریان زۆر به وردی بۆ دیاری بكرێ و له‌و واده‌یه‌ی كه بۆیان دانراوه، ده‌بێ ده‌رئه‌نجامه‌كان ڕابگه‌یه‌نن كه پێی گه‌یشتوون.
ئه‌و بۆ "
العربی الجدید" گوتی، بوونی ئه‌و هه‌موو لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه له دۆسیه هه‌ستیاره‌كان و بێ گه‌یشتن به ده‌رئه‌نجامێك كه بۆ ڕای گشتی و په‌رله‌مان ڕابگه‌یه‌نرێن، هیچ سوودێكی نییه، به تایبه‌ت ئه‌و لیژنانه‌ی بۆ ئه‌و ڕووداوانه پێكهێنراون كه خوێنی عێراقییه‌كانی تێدا ڕژاوه، بێ ئه‌نجامی لیژنه‌كانیش بووه‌ته هۆی دامركاندنه‌وه‌ی تووڕه‌یی خه‌ڵك و بزربوونی زیاتری بكه‌ری تاوانه‌كان دژ به خه‌ڵكی سڤیلی عێراق.
زیاتر له 20 لیژنه پێكهێنراون و تا ئێسته هیچ ئه‌نجامێكی لێكۆڵینه‌وه‌كانیان ده‌رنه‌كه‌وتووه
هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد، كه جێی سه‌رسڕمانه حكوومه‌تی كازمی ئه‌و ژماره زۆره‌ی لیژنه‌یان دروست كردووه، به‌ڵام تا ئێسته هیچیان به ئه‌نجام نه‌گه‌یشتوون و ده‌رئه‌نجامه‌كانیان ڕانه‌گه‌یاندووه. ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه كه گه‌ل داوای ده‌رئه‌نجام ده‌كات بۆ كوشتن و ڕفاندن و ڕووداوه ته‌ناهییه‌كان.
كازم سه‌یادی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌وباره‌وه گوتی، سه‌رجه‌م ئه‌و لیژنانه‌ی كه له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئێسته‌وه پێكهێنراون، لیژنه‌ی سیاسین و هیچ پسپۆرییه‌كیان له‌و بوارانه تێدا نییه كه له پێناوی دروستكراون، بۆ نموونه پرسی گه‌نده‌ڵی و ڕووداوی كوشتن و توندوتیژی، كاتێكیش پسپۆری تایبه‌ت به بواره‌كه له لیژنه‌كان نه‌بوو، به دڵنیاییه‌وه ڕوونه كه هیچ ده‌رئه‌نجامێك له‌لایه‌ن لیژنه‌كانه‌وه ناخرێنه‌ڕوو، بگره ته‌نیا بۆ له‌بیركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك و دروستكردنی هیوایه‌كی بێ بنه‌ما لیژنه‌كان دروستكراون.
سه‌یادی بۆ ڕۆژنامه‌كه دووپاتی كردووه‌ته‌وه، كه به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی له نێو لیژنه‌كاندان خۆیان دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵیان له‌سه‌ره و تێوه‌گلاون، بۆیه به‌شێك له‌و لیژنانه بوونه‌ته به‌ربه‌رستێك بۆ پاراستنی گه‌نده‌ڵكاران و ڕێگری له ڕاگه‌یاندنی ڕاستییه‌كان و سزادانی گه‌نده‌ڵكاران.
زیاتر گوتی، گرنگترین لیژنه‌كانیش كه خه‌ڵك و شه‌قام و خۆپێشانده‌ران چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌ن، بریتین له لیژنه‌كان كه بۆ لێكۆڵینه‌وه له كوشتنی خۆپێشانده‌ران پێكهێنراون، یان لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه له كوشتنی چالاكان و كه‌سایه‌تییه‌كان و تیرۆری خه‌ڵكی سڤیل وه‌ك ئه‌وه‌ی له سه‌ڵاحه‌دین ڕوویدا، ئه‌مانه پێوه‌ندیان به متمانه‌ی خه‌ڵكه به حكوومه‌ت و هێزه‌كانی ته‌ناهی و ئارامی و ئاسایشی وڵاته‌وه، پێویست بوو به زووترین كات لیژنه‌كان كاری خۆیان بكه‌ن و ده‌رئه‌نجامه‌كانیش بۆ ڕای گشتی ڕابگه‌یه‌نن. به‌ڵام به‌هۆی دواكه‌وتنیان، ئێسته باوه‌ڕێك لای خه‌ڵك دروستبووه، كه لیژنه‌كان ته‌نیا قسه‌ی میدیایی و پروپاگنده‌ن بۆ حكوومه‌ت، تا وا له خه‌ڵك بگه‌یه‌نرێ، كه حكوومه‌ت ڕژده له‌سه‌ر دۆسیه‌كان، به‌ڵام خه‌ڵك بیری ناچێ و ده‌زانێ كه له‌سه‌ره‌تای ئه‌م حكوومه‌ته‌وه ده‌یان لیژنه پێكهێنراوه، كه‌چی هیچ ئه‌نجامێكیش بوونی نییه.
به‌شێكی ئه‌ندامانی لیژنه‌كان له گه‌نده‌ڵی تێوه‌گلاون و به‌رگری له گه‌نده‌ڵكاران ده‌كه‌ن
چالاكێكی خۆپێشاندانه‌كان له پارێزگه‌ی زیقار گوتی، حكوومه‌تی كازمی جیاوازییه‌كی له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی پێش خۆی نییه و هه‌مووان فێل له خۆپێشانده‌ران ده‌كه‌ن، له ڕووكه‌شیش وا پێشانی ده‌ده‌ن كه پشتیوانی خۆپێشانده‌ران، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه كه هه‌ڵمه‌ته‌كانی رفاندن و گرتن و كوشتن و هه‌ڕه‌شه‌كردن بۆ سه‌ر چالاكانی خۆپێشانده‌ران نه‌ك هه‌ر كۆتایی نه‌هاتووه، بگره ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕووی له زیادبوونه‌وه.
كازمی به‌ڵێنی لێپرسینه‌وه و سزادانی بكوژی خۆپێشانده‌رانی له‌سه‌رده‌می حكوومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی دا، كه‌چی ئه‌و به‌ڵێنه‌ی نه‌برده‌سه‌ر و له‌سه‌رده‌می حكوومه‌ته‌ی ئه‌ویشدا كه‌م نین ژماره‌ی ئه‌و خۆپێشانده‌رانه‌ی كوژران و ئه‌و چالاكانه‌یشی كه كرانه ئامانج و كۆتاییان پێهێنرا، یان هێرشیانكرایه‌سه‌ر و سووكایه‌تیان پێكرا و به به‌رده‌وامی هه‌ڕه‌شه‌یان لێ ده‌كرێت. بۆیه ئێسته گه‌نجان و خۆپێشانده‌ران به ته‌واوی بۆیان ڕوونبووه‌ته‌وه، كه حكوومه‌ته‌كان هه‌رچه‌ند بگۆڕدرێن، نابێ چاوه‌ڕێی هیچ جیاوازییه‌ك بكه‌ن و هه‌مووان وه‌كویه‌كن و ناتوانن ده‌ست بۆ دۆسیه هه‌ستیاره‌كان ببه‌ن، چونكه میلیشیاكان بڕیاربه‌ده‌ستی عێراقن و له ژێره‌وه هه‌موو شتێك به‌ده‌ستی ئه‌وانه و له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت.