سوپاسالاری ئێران: حەوت وڵاتی عەرەبی دەستیان لە كوشتنی قاسم سلێمانیدا هەیە

:: PM:03:34:23/02/2021 ‌
محەمەد باقری سەرۆكی ئەركانی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئێران، حەوت وڵاتی عەرەبی بەوە تۆمەتبار كرد لە كوشتنی قاسم سلێمانیدا یارمەتی ئەمەریكایان داوە.

ئەو سوپاسالارە لەو روانگەیەوە حەوت وڵاتە عەرەبییەكەی تۆمەتبار كردووە، چونكە ئەمەریكا لەو شوێنانە بنكەی سەربازی هەیە و ئاسمانیشیان لە لایەن فڕۆكەكانی ئەمەریكاوە بەكار دەهێنرێن.
ئەمەریكا لە سعوودیە، قەتەر، ئیمارات و بەحرێن زانیاری هەواڵگرییان وەرگرتووە و فڕۆكەکانش لە بنكە سەربازییەكانی كوێت، ئوردن و عێراق فڕیون.

باقری پێی وایە بنكەكانی ئەمەریكا لە سعوودیە، قەتەر، ئیمارات و بەحرێن زانیاری هەواڵگرییان وەرگرتووە و فڕۆكەکانش لە بنكە سەربازییەكانی كوێت، ئوردن و عێراق فڕیون. ئەو گوتوویەتی بۆ ئەو قسەیەی بەڵگە دەخاتە بەردەم هەموو ئەو وڵاتانە بۆ ئەوەی نەتوانن حاشای لێ بكەن.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، پرسی دەستوەردانی راستەوخۆی وڵاتانی عەرەبی لە ئوپراسیۆنی كوشتنی قاسم سلێمانی، لە كاتێكدا دەخرێتە ڕوو كە ئێران پێشتر گوتبووی بە هاوكاری دەزگای دادوەری عێراق لێكۆڵینەوە دەكات و لەوانە دەگەڕێت هاوكاری هێرشەكەیان كردووە.

سەرەتای ساڵی رابردوو قاسم سلێمانی فەرماندەی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەگەڵ ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و چەند كەسێكی تر، لە كاتی دەرچوونیان لە فڕۆكەخانە لە لایەن فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئەمەریكی كرانە ئامانج.



وشە - سلێمان تاشان