كاندیدی ئێران بۆ سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق كێیە؟

:: PM:05:21:27/02/2021 ‌

بڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بێتە سازكردن، ئەو هەڵبژاردنەی وەك چاودێران پێیان وایە زەحمەتە بەوشێوەی باس دەكرێت بۆ دروستكردنی گۆڕانكاری لە عێراق ساز بكرێت، تەنانەت ئەگەری بەڕێوەچوونیشی لاوازە ئەگەر ویستی هێزە سیاسییە باڵادەستەكان، بەتایبەتی شیعەی سەر بە ئێرانی لەسەر نەبێت، بەڵام ئێرانی چی بۆ ئەو هەڵبژاردنە و سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق ئامادە كردووە؟

لەیس حەمدانی، نووسەری عێراقی لە وتارێكی لە ماڵپەڕی رۆژنامەی "ئەلعەرەب"، دەلێت، سیناریۆكەی ئێران لەسەر ئەو گریمانە بنیات نراوە كە گفتوگۆكانی ئێران و ئەمەریكا لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە نزیك بووەتەوە، هەروەها ئەو شێوازەی لەدوای 2003ەوە بۆ دانانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەمانشێوە دەبێت.

چاودێر بۆ دۆخی عێراق لای روونە حكوومەتی ئێران زوو سیناریۆی خۆی بۆ هەڵبژاردنی عێراق ئامادە كردووە، بۆ ئەو مەبەستەیش فەرمان بۆ باڵ و بریكارەكانی دەركراوە، دوور لە لێدوانەكانی عەلی ئەكبەر ویلایەتی، راوێژكاری عەلی خامنەیی، رابەری شۆڕشی ئێران لە دیدارەكەی لەگەڵ جینین بلاسخارت، نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لە تاران، كە عێراقییەكان بە دداننانێكی ئاشكرا بە دەستوەردانی ئێران لە سیاسەتی عێراقیان لەقەڵەم دا، سیناریۆی ئێران بۆ هەڵبژاردنی عێراق لەگەڵ پاڵپشتیكردنی موقتەدا سەدر و رەوتەكەی دەستی پێ كرد، بە راسپاردنی بۆ سەركوتكردنی خۆپێشاندانەكان، ئەوەیش لە چوارچێوەی پلانی "سووتاندنی سیاسیانە"ی سەدر.
ئەوەی نێوان سەدر و مالیكی هەیە نمایشێكی ئێرانە و هەركاتێك ویستی سنووری بۆ دادەنێت
بەوجۆرە موقتەدا سەدر كەوتە ناو تەڵەی ویلایەتی فەقێكانی ئێران، وەك چۆن پێشتر ئەوكاتەی ئێرانییەكان مەزارە شیعەكانیان لە سامەڕا تەقاندەوە، كەوتە تەڵەی ئەوانەوە، ئەوەیش بە شایەتی دێڤید پترایۆس، فەرماندەی سەربازی ئەمەریكا، ئەوكاتەی بەوهۆیەوە سوپای مەهدی سەر بە سەدر هەزاران سوننەیان كوشت و مزگەوت و موڵكوماڵیان سووتاندن و ئەوانیان راگواست، دواتر سەدر دركی بەوە كرد كە ئەوانەی ئەو تاوانەیان ئەنجام دابوو سەر بە ئێران بوون.

ئەوان لە سوپای مەهدی جیابوونەوە و رێكخراوی چەكداری خۆیان دامەزراند لەوانە "عەسائیب ئەهلولحەق" و "نوجەبا" و " كەتیبەكانی حزبوڵا" و هیتریش، بۆیە رەنگە بیرهاتنەوەی سەدر لاواز بووبێت یان ئەو كارەساتەی لەبیرخۆی بردبێتەوە، دوای ئەوەی ئێرانییەكان قەناعەتیان پێی كرد كە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا پاڵپشتی دەكەن، هەر ئەوەیش وای كرد لایەنگرانی رای بگەیەنن سەرۆك وەزیرانی داهاتوو لە سەدرییەكان دەبێت و ئەوان 100 كورسی پەرلەمانی بەدەست دێنن، وەك حاكم زاملی، سەركردە لە رەوتی سەدر وای گوت، تەنانەت لە گەشبینیان دووپاتی كردەوە كە هەر هەڵبژاردنێك زۆرینەی سەدری تیادا نەبێت، ساختەكاری تیادا كراوە.

لە 22ی نۆڤێمبەری 2020 موقتەدا سەدر گوتی، ئەوكاتە بڕیاری بەشداریكردن لە هەڵبژاردن دەدات ئەگەر بزانێت زۆرینەی تیادا دەستەبەر دەكات، ئەو لە كۆتایی تویتەكەیدا گوتی، ئاین و مەزەو و نیشتمان لە مەترسیدان، واتە نیشتمان لەدواوەی گرنگیدانی سەدرە، لەوكاتەی بانگەشەی ئەوە دەكات كە كار بۆ رزگاركردنی عێراق لە گەندەڵی و لاگیری و لادان دەكات.

لەلایەكی تر نووری مالیكی، سەركردەی حزبی دەعوە لە راگەیاندنەكانەوە دەركەوتەوە، ئەگەرچی جموجۆڵەكانی لە فەرمانەكانی سەركردایەتی ئێرانەوە بەدەر نین، ئەو وای پێشان دا كە نەیاری سەدرە و لەلایەكی تر چاوی لە سەرۆك وەزیرانی داهاتووە، ئاماژەی بۆ پێوەندییە دۆستانەكانی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا كرد و وێنەی خۆی و بایدنی لەلایەن میدیا و سوپا ئەلیكترۆنییەكانی بڵاو كردەوە.

جیا لەوانە تر ئەندامێكی هاوپەیمانی "فەتح"، رای گەیاند كە هادی عامری، سەركردەی هاوپەیمانیەتییەكە و رێكخراوی بەدری سەر بە ئێران، كاندیدە بۆ سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق، زانراوە كە عامری لە رووی سیاسییەوە كەسایەتییەكی سەر بە ئێرانە و بزووتنەوەی بەدریش دروستكراو و لاگیریی بۆ ئێرانە، بۆیە ئێستە ئێران هەرسێ سەرەداوی بەدەستەوەیە و هەر ئەو وای كرد ئەوانە زوو دەست بە جووڵە بكەن بۆ هەڵبژاردن.

بۆیە سیناریۆی ئێران لەسەر گریمانی زۆرنزیكبوونەوەی گفتوگۆی ئەمەریكا و ئێران لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی تاران بنیات نراوە و ئەو شێوەی بۆ دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەدوای 2003ەوە پێڕەو كراوە، ئەوجارەیش و لە ئیدارەی بایدندا بەردەوام دەبێت، ئێران باش دەزانێت رەفتار و هەڵسوكەوتەكانی رەوتی سەدر دژ بە خۆپێشاندەران و لێدوانە هەرەمەكییەكانی سەدر لەبارەی ئۆتۆمبێلی "بەتە"، لە رووی سیاسییەوە لەناو جەماوەر ئەویان سووتاند، هەروەها سووتاندنی بارەگای حزبی شیوعی لە نەجەف، كە زۆرێك لایەنگرانی سەدر تۆمەتبار دەكەن، دابڕانی ئەو رەوتەی زیاتر كرد. 

بۆیە ئێران باش دەزانێت ئەمەریكا نایەوێت رەوتی سەدر بگاتە سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق، هەروەها ناشیەوێ عامری پێی بگات، كە یەكێك بوو لە هاندەرانی هێرشەكەی سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا، ئەوكارەی هیچ ئیدارەیەكی ئەمەریكا ناتوانێت چاوی لێ بپۆشێت، بۆیە ئەگەر ئێران لەبارەی دۆسیەی عێراقەوە دەستی بە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریكا كرد، بێگومان نووری مالیكی كاندید دەكات بۆ سەرۆك وەزیران و وەك كاندیدی ناوەند بۆ ئەمەریكای دەخاتە روو، داوایش لە رەوتی سەدر و هاوپەیمانی "فەتح"، دەكات و لەپێناو بەرژەوەندیی مەزەو ئاشت ببنەوە قبووڵی بكەن، بەوشێوەیەیش ئەوان وەك هەمووجارێك ملكەچی خواستەكانی ئێران دەبن و لەسەر دابەشكردنی كێكی دەسەڵات رێك دەكەون.  

هەرچی هاشوهوشی راگەیاندنەكانیشە كە لەنێوان سەدر و مالیكیدا دیبینین، نمایشێكی ئێرانە و هەركاتێك ویستی سنووری بۆ دادەنێت، ئەگەر ئەمەریكا مالیكی وەك سەرۆك وەزیرانی قبووڵ كرد، دوایین هەلی بۆ گەڕاندنەوەی هەندێك لە متمانەی لەلایەن گەلی عێراقەوە لەدەست دەدات، ئەو متمانەی لەسەردەمی باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشووتری ئەمەریكا داخورا و لەسەردەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوو تەنیا لێدوان بوو، بەگشتی ئێستە زووە باسی یەكلابوونەوەی دۆخەكە بكەین و چاوەڕوانی ئەوەیشین گفتوگۆی ئەتۆمی ئێران و سیاسەتەكانی لە ناوچەكە چیان بەسەردێت، ئەوە ئەگەر بایدن سووربێت لەسەر گفتوگۆكردن لەبارەی سیاسەتەكانی ئێران و وەك ئەوەی لەسەردەمی ئۆباما جڵەوی بۆ شل نەكرد.              



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل