ئێران چوار كەسی تری لە سێدارە دا

:: AM:09:40:02/03/2021 ‌
ئێران چوار هاووڵاتی عەرەبی پارێزگای خووزستانی بە تۆمەتی ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی لە سێدارە دا. دامەزراوەكانی مافی مرۆڤ دەڵێن، ئەو چوار كەسە لە كاتێكدا لە سێدارە دراون كە سەعاتێك پێشتر خێزانەكانیان لە گرتووخانە بەسەریانی كردبوونەوە.

هیچ كام لە خێزانەكانی ئەو چوار هاووڵاتییە، نەیانزانیوە ئەوە دواین جارە چاویان بە كوڕەكەیان دەكەوێت و كە دەگەڕێنەوە ماڵەوە، هەواڵی سێدارەیان پێ رادەگەیەنن. رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەڵێن تەنانەت لە یاساكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش، پێویستە بنەماڵەی حوكمدراو پێشتر لە جێبەجێكردنی سزاكە ئاگادار بكرێنەوە.

 میدیاكانی ئێران گوتوویانە سێ لەوانەی لە سێدارە دراون، سێ ساڵ لەمەوبەر لە هێرشێكی چەكداری بۆ سەر بنكەیەكی سەربازی بەشدارییان كردووە كە بە هۆیەوە دوو كەس كوژرابوون.

هەروەها باسیان لەوە كردووە ئەوانە سەر بە گرووپی بەرەی رزگاریخوازی ئەحواز بوون كە لە لای ئێران بە رێكخراوێكی تیرۆریستی هەژمار دەكرێت.

بەگوێرەی بی بی سی، دەزگای دادوەری ئێرانیش گوتبووی، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە پێنج كەس لە سێدارە دراون كە یەكێكیان سەر بە رێكخراوی تیرۆریستی داعش بووە.

ئەو حوكمانەی ئێران بە فەرمی رایان دەگەیەنێت، بە دەگمەن راستن و زۆربەیان لەسەر پرسێكی سیاسی گیراون


پێویستە بگوترێ ئەو حوكمانەی ئێران بە فەرمی رایان دەگەیەنێت، بە دەگمەن راستن و زۆربەیان لەسەر پرسێكی سیاسی گیراون، دواتر تۆمەتی ئەندامبوون لە رێكخراوێكی تیرۆریستی یان حزبێكی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیان دەخرێتە پاڵ و سزای سێدارەیان بەسەردا دەسەپێنرێت.



وشە - سلێمان تاشان