لاهای دەستی بە لێكۆڵینەوە لە تاوانی جەنگیی ئیسرائیل دژی فەلەستینییەكان كرد

:: AM:11:19:04/03/2021 ‌
دادگای نێودەوڵەتیی لاهای، دەستی بە لێكۆڵینەوە لە تاوانێكی جەنگی كرد كە ئیسرائیل بەرانبەر فەلەستین ئەنجامی داوە، ئەو هەنگاوەش بووە هۆی ناڕەزایەتی رێبەرانی ئیسرائیل و دڵخۆشیی فەلەستینییەكان.

فاتو بن سودە داواكاری باڵای دادگاكە لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی دا، بە فەرمی دەستیان بە لێكۆڵینەوەی ئەو تاوانە جەنگییە كردووە كە دەرحەق بە فەلەستینییەكان ئەنجام دراوە.

ئەو تاوانەی دادگاکە لێكۆڵینەوەیان لەسەر دەكات بۆ ساڵی 2014 دەگەڕێتەوە، لەو رەفتارانە دەكۆڵێتەوە كە ئیسرائیل لە كەرتی غەزە و كەناری رۆژئاوا و بەشی رۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم ئەنجام دراوە.

پێویستە بگوترێ دادگا لەو تاوانانەش دەكۆڵێتەوە بزووتنەوەی حەماس لە دژی ئیسرائیلییەكان ئەنجامی داوە. 

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رەخنەی توندی لە دادگای لاهای گرتووە


سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رەخنەی توندی لە دادگای لاهای گرتووە و پێی وایە، نەدەبوو دادگاكە دەست بۆ ئەو دۆسیەیە بەرێت و بۆچی لەو تاوانانە ناكۆڵێتەوە كە ئێران ئەنجامی داون.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش دژی دادگای لاهای هەڵویستی هەبووە و گوتوویەتی، لەوانەیە خۆی یەكێك بێت لەو كەسانەی دادگاكە لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكات. سەرۆك كۆماری ئیسرائیلیش رەتی كردووەتەوە بە هیچ شێوەیەك هاوكاری دادگاكە بكات.

سەرووی دوو هەزار فەلەستینی كوژران و بە هەزارانی تر بریندار بوون


جەنگی ئیسرائیل لە غەزە كە لە ساڵی 2014 رووی دا، سەرووی دوو هەزار فەلەستینی كوژران و بە هەزارانی تر بریندار بوون، بە هۆیەوە بەشێكی زۆر لە ژێرخانی ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكەش رووخا. فەلەستینییەكان ئەم هەنگاوەی دادگای لاهای بە هەنگاوێكی مێژوویی دادەنێن.  


وشە - سلێمان تاشان