شارەزایەك: بایدن چەندان گوشاری لەسەرە و لە لابردنی سزاكانی سەر ئێران پەلەی نییە

:: PM:06:25:18/04/2021 ‌

سەرەڕای بەردەوامیی گفتوگۆكانی ڤیەنا بۆ زیندووكردنەوەی رێككەوتنامەی ئەتۆمی ئێران، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا رای گەیاند كە وڵاتەكەی سزاكانی سەر ئێران لانابات پێش ئەوەی لە پابەندبوونی ئێران بە ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە دڵنیا نەبێتەوە، شارەزایەكیش ئاماژە دەكات كە لابردنی سزاكان بۆ جۆ بایدن ئاسان نییە و ئەمەریكا پەلەی نییە لە لابردنی سزاكان.
ئێران چەندان سزای توندی بەسەر سەپێنراوە لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاردا
كارۆخ خۆشناو، سەرۆكی پەیمانگەی توێژینەوەی ئەمەریكی- كوردی بە "وشە"ی گوت، ئێران لە دوای رێككەوتنی ئەتۆمی لە 2015 لە بری ئەوەی لاواز بێت، بەهێز بوو و دەستی لە كاروباری چەند وڵاتێكی ناوچەكە وەردەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوو، لە رێككەوتنەكە پاشەكشەی كرد و چەندان رێكاری سزای توندی بەسەر سەپاند لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاردا.

زیاتر گوتی، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا كە هاتە كۆشكی سپی و بینی ئەو رێكارانەی ترەمپ بەشێكی پێویست بوو، چونكە ئێران دوای رێككەوتنی 2015 بەهێزتر بووبوو، بۆیە سزاكانی سەر ئێران كە 1500 سزا بەسەر كەسایەتی و كۆمپانیا و بانك و دامەزراوەكانە بۆ لابردنیان بایدن لە ژێر چەندان گوشاردایە، بەتایبەتی هەڵبژاردنی نیوەیی كۆنگرێس، كە ساڵی داهاتوو ساز دەكرێت، نایەوێ هەڵوێستی خۆی و حزبەكەی لاواز بكات و پەلەی نییە لە زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی.

ئەمڕۆ جیك سۆلیفان، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا گوتی، واشنتن سزاكانی سەر ئێران لانابات تا لەوە دڵنیا نەبێتەوە بە رێككەوتنی ئەتۆییەوە پابەندە، لەوكاتەی پێشتر بایدن دووپاتی كردبووەوە بەوەی لەو دۆسیەدا هیچ شتێك ناتوانێ ئیدارەی ئەمەریكا بۆ سازشكردن ناچار بكات كە نایەوێت و قبووڵی ناكات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل