پەرلەمان دامەزراندنی دادگایەک بۆ گیراوانی داعش تاوتوێ دەکات

:: PM:02:08:04/05/2021 ‌
پەرلەمانی كوردستان بۆ بەرنامەی دانیشتنەكانی سبەی، بڕگەیەكی زیاد كرد كە بریتییە لە دادگاییكردنی داعش كە پڕۆژەیەكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانە، بەمەبەستی دادگاییكردنی چەكدارانی داعش و پێشاندانی تاوانەكانی داعش.

ئەمڕۆ سێشەم چواری ئایار، سامان ئەحمەد بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە دانیشتنی پەرلەماندا بۆ سبەی، بڕگەیەك بۆ بەرنامەی كۆبوونەوەكە زیاد كراوە.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان گوتی، سبەی خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای دادگای تاوانكاریی تایبەتمەند بەتاوانەكانی داعش لە هەرێمی كوردستان دەكرێ‌.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا رێكخراوی تیرۆریستی داعش، قێزەونترین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە هەریەك لە عێراق و سووریا ئەنجام دا، كە هەزاران كەس راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بوونە قوربانی ئەو تاوانانە، بۆیە لێكۆڵینەوە و لێپرسینەوە لە ئەنجامدانی ئەو تاوانە، بڕیاری پێكهێنانی دادگایەكی تایبەت دراوە.

ڕۆژی 28ـی نیسان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پڕۆژەیاسای دادگای تاوانكاریی تایبەت بە تاوانەكانی داعشی لە هەرێمی كوردستان پەسەند كرد، بەو بۆنەیەوە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی، مەبەست لەو دادگایە، لێكۆڵینەوە و دادگاییكردنی تیرۆریستانی داعشە بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی كۆمەڵكوژی . 

لە پەیامەكە‌دا هاتووە، ئەم یاسایە دوای پەسەندكردنی لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە،‌ چوارچێوەی یاسایی بۆ دادگاییكردنی تیرۆریستانی داعش دادەڕێژێت، لە ڕێی پێكهێنانی دادگایەكی نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان، ئەویش بە بەشداریی تیمی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەكانی داعش.

لە كۆتادا سەرۆكی حكوومەتی هەرێم دووپاتی كردەوە، هەرێمی كوردستان سەركەوتووانە شەڕی دژی داعش كرد و تێكیشكاند، ئەم شەڕە بە هەموو شێوەیەك بەردەوام دەبێت تا ئەوكاتەی دادپەروەریی دێتە دی و قوربانییەكانیش قەرەبوو دەكرێنەوە، سوپاسی ڕاوێژكاری تایبەت و سەرۆكی تیمی یونیتاد كەریم ئەسەد ئەحمەدخان و ئەندامانی تیمەكەی دەكەم، كە ڕۆڵێكی گرنگیان لە برەودان بەم بابەتە هەبووە و‌ هاوكاری تەكنیكییان پێشكەشی داودەزگاكانی دادوەریی هەرێمی كوردستان كردووە.



وشە - رامیار جەواد