لە كەمپی بێوەژنان لە سووریا چی روودەدات؟

:: PM:05:03:10/05/2021 ‌

سووریا پڕ بە پێستیەتی وەك وڵاتی نەهامەتییەكان وەسف بكرێت، ئەو دەوڵەتەی دانیشتووانەكەی بۆ ئازادی و رزگاربوون راپەڕین و كەوتنە ناو جەنگی ناوخۆیی و نەهامەتییەكانی، خەڵكەكەی بە هاوشێوەی وڵاتانی بەهاری عەرەبی ناڕەزایەتیان دەست پێ كرد و نزیك بوون لەوەی بەشار ئەسەد دەربەدەر بكەن، بەڵام دۆخەكە بۆ ئەوان ئاوەژوو بووەوە.

ئێستە دوای هەزاران كوژراو و ملیۆنانیان ئاوارەی دەرەوە و ناوخۆی ئەو وڵاتەن، ئەسەد ماوە و خۆی بۆ گەڕێكی تری سەرۆكایەتی كاندید كردووەتەوە، پیاوان لە جەنگ و لە زیندانەكانی گرووپە تیرۆریستەكان و رژێمەكە دەكوژرێن، هەرچی ژن و منداڵانیشە نەهامەتی ئەوان زیاتر لە كوشتنیانە، لە یەكێك لە كەمپەكانی ئەو وڵاتە بەناوی كەمپی "بێوەژنان"، چی روودەدات؟
هەراسانكردن و ناچاركردنی سێكسی زۆر لەوە زیاترە كە دێتە راگەیاندن
وەك لە راپۆرتێكی روانگەی مافی مرۆڤی سووریا كە بارەگاكەی لە لەندەنە هاتووە، كەمپی "بێوەژنان"، كە دەكەوێتە ناو كۆمەڵێك كەمپی تر لە رۆژئاوای شاری دانا لە دەشتی باكوری ئیدلب لە سووریا، لەو كەمپەدا 1200 ماڵبات دەژیت و 80%ی بێوەژنن، واتە ژنان ئەو ماڵباتانە بەڕێوە دەبەن، لەو كەمپەدا چەندان ژن دووچاری هەراسانكردنی سێكسی و ناچاركردن لەلایەن فەرمانبەر و كارمەندانی بەڕێوەبردنی كەمپەكە و رێكخراوە فریاگوزارییەكان هاتوونەتەوە.

چالاكانی روانگەكە باسی چەندان حاڵەتی هەراسانكردنی سێكسی دەكەن كە لەو كەمپەدا رووی داوە، راپۆرتەكە ئاماژە دەكات كە هەراسانكردن و ناچاركردنی سێكسی زۆر لەوە زیاترە كە دێتە راگەیاندن، بەڵام زۆرجار لەلایەن قوربانییەكە و لە ترسی ناوزڕاندن دەشاردرێتەوە، كاتێك زۆرینەی رێكخراوە مرۆییەكانی لە كەمپەكان كار دەكەن، بارەگایان لە توركیایە، بۆیە میكانیزمێكی تۆكمەیان بۆ چاودێریكردنی كارمەندانیان نییە و بەشێك لەوانە سوود لە دۆخی ناڵەباری ژنان، بەتایبەتی بێوەژنەكان دەبینن بۆ بابەتی سێكسی.

راپۆرتەكە باسی چەند حاڵەتێك دەكات، لەوانە ژنێك بەناوی (م.ح)ی تەمەن 40 ساڵ كە خەڵكی شاری مەعرەی نوعمانە لە باشووری ئیدلب، ئەو لەگەڵ دوو منداڵی لە كەمپەكە دەژین، ئەو كاتێك سەبەتەی خۆراكی لە لە دامەزراوی "رەحمەی ئینسانی"، وەرگرتووە لە 2020، یەكێك لە فەرمانبەرانی رێكخراوەكە كە سەرپەرشتی دابەشكردنی خۆراكەكەی دەكرد، ژمارەی مۆبایلی خۆی لەسەر پارچەیەك كاغەز پێ داوە، ئەویش پێوەندی پێوە كردووە و یەكتریان ناسیوە، ئەو فەرمانبەرە بەڵێنی باشكردنی دۆخی بژێوی و هاوسەرگیری بەو ژنە داوە.

ژنەكە دەڵێت، هەژاری و نەبوونی بەخێوكەر وای كردووە پێوەندی بەو كەسەوە بكات و بەردەوام بێت، دوای ئەوە بەڵێنی پێدانی پارەی پێ داوە و داوای وێنەیشی لێ كردووە، ئەو بەئومێدی هاوسەرگیری بووە، دوای دوو مانگ مامەڵەی ئەو فەرمانبەرە لەگەڵ ژنەكە گۆڕاوە و هەڕەشەی لێ كردووە ئەگەر سێكسی لەگەڵ نەكات وێنەكانی بڵاو دەكاتەوە، ژنەكە پێوەندی لەگەڵ ئەو كەسە پچڕاند، بۆیە دووپاتی دەكاتەوە كە ئەو هەست بە هیچ دڵنیاییەك بەرانبەر بە كارمەندانی رێكخراوە مرۆییەكان ناكات و نایەوێ بۆ وەرگرتنی یارمەتی لەوان خۆی بچێت.  

هەر لەو كەمپە ژنێكی تر بەناوی (ئ.ع)ی تەمەن 38 ساڵ خەڵكی شارۆكەی مەعر شورین لە دەشتی باشووری ئیدلب، ئەوەیش لەلایەن فەرمانبەرێكی رێكخراوی "ئیحسانی مرۆیی"، كە ئەوەیش بارەگاكەی لە توركیایە، بووەتە قوربانی هەراسانكردنی سێكسی، ئەو كاتەی رێكخراوەكە لە ئاداری ئەمساڵ یارمەتی مرۆیی بەسەر كەمپەكەدا دابەش كردووە، دوای ماوەیەك فەرمانبەرەكە هاوڕێتی لەگەڵ كوڕەكەی دروست كردووە و لەو رێگایەوە سەردانی خێوەتەكەی كردوون و تا درەنگانێكی شەو لایان ماوەتەوە، بە تێپەڕبوونی كات خۆی لەو ژنە نزیك كردووەتەوە و پێ گوتووە خواستی هەیە هاوسەرگیری لەگەڵدا بكات و دۆخی بژێویان باش بكات.

وەك راپۆرتەكە ئاماژە دەكات، درەنگانێكی یەكێك لە شەوەكان ئەو فەرمانبەرە چووەتە خێوەتەكە، ژنەكە پێی گوتووە كوڕەكەی لەوێ نییە و لەسەر كارە، كە لە سنووری توركیا لە قاچاخ كاری كردووە، بۆیە ناتوانێت بێتە ژوورەوە، بەڵام فەرمانبەرەكە ویستوویەتی بە زۆر بچێتە ژوورەوە و هەوڵیشی داوە دەستدرێژی سێكسی بكاتە سەر، بەڵام خۆی رزگار كردووە، بۆ بەیانی ئەو فەرمانبەرە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ژمارەی تەلەفۆنەكەی و دەركردنی لە كەمپەكە كردووە، بۆیە ئەو ژمارەكەی بڵاو كردەوە و وای لێ هات رۆژانە دەیان كەس پێوەندیان پێوەی كردووە و بێزاریان كردووە.

نەهامەتی جۆراوجۆری سوورییەكان لە ئاوارەیی، لە ناوخۆی و دەرەوەی ئەو وڵاتەیش كۆتایی نایەت، ئەوان بوونە قوربانی بەرژەوەندیی وڵاتانی ناوچەكە و دنیا، لاوازبوونی حكوومەتەی بەشار ئەسەدیان قۆستەوە بۆ دەستگرتنی تەواوەتی بەسەر ئەو وڵاتە، كە سووریا پێگەیەكی جوگرافی گرنگی لەسەر نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و پێناچێت دۆخی ئەو وڵاتە بە ئاسانی یەكلا ببێتەوە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل