چەند پڕۆژەیەك لە هەولێر جێبەجێ دەكرێن

:: AM:11:36:11/05/2021 ‌
بە بڕی سێ ملیار دینار، پڕۆژەی هەمەجۆری خزمەتگوزاری لە شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێن كە بریتین لە پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ، كاتی دەستپێكردنی جێبەجێكردنەكەشی لە 20 ڕۆژی داهاتوودا دەبێ‌.

ئەمڕۆ سێشەم 11ـی ئایار، لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی شارەوانیدا هاتووە، ژمارەیەك پڕۆژە بە گوژمەی نزیكەی دوو ملیار دینار لەسەر داهاتی 15%ی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، لە گەڕەكەكانی فەرمانبەران، ڕۆشنبیری، ژیان، هەولێری نوێ، سێبەردان و چەند گەڕەكێكی تر لە بواری چاككردن و نۆژەنكردنەوەی شەقام، دروستكردنی شەقامی نوێ، قیرتاوكردن، سێكتەری ئاوەڕۆ و كربستۆن و چەند جۆرێكی تری پڕۆژە جێبەجێ دەكرێن، ئەم گەڕەكانە بەشێكی گەورەی شاری هەولێر پێك دەهێنن و زۆرترین دانیشتووانی هەولێر لێیان نیشتەجێن.

ڕوون كراوەتەوە، بەشێك لەو پڕۆژانەی قۆناغی یەكەم نێراون بۆ تەندەرینگ، هەندێكی تریشیان لە ماوەی 15 بۆ 20 رۆژی تردا كەمكردنەوەیان بۆ دەكرێت و دواتر دەكەونە قۆناغی جێبەجێكردنەوە. 

باس لەوەش كراوە، لە ئایندەیەكی نزیكدا بە بڕی نزیكەی یەك ملیار دیناری تر، چەندان پڕۆژەی هەمەجۆری تر لەسەر داهاتی شارەوانیی هەولێر لە چەند گەڕەكێكی ناو شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێن.

بەپێی ئەو ڕاگەیەنراوەی وەزارەتی شارەوانی بێت، ئەو پڕۆژانە تێچوویان سێ‌ ملیار دیناری عێراقی دەبێت.



وشە - رامیار جەواد