كاتێك له كه‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردن به‌ڵێن و وتاره‌كانی بایدنی سه‌رۆكی ئێسته‌ی ئه‌مه‌ریكا له میدیاكان ده‌گوێزرانه‌وه، هه‌مووان پێشبینی ئه‌وه‌یان ده‌كرد، كه به گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات گۆڕانكاریی ڕیشه‌یی له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌رانبه‌ر به ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دێنێته دی، جه‌نگ و ماڵوێرانی له ناوچه‌كه كۆتایی دێ و كێشه‌ی واشنتن له‌گه‌ڵ تاران و شه‌ڕی یه‌مه‌ن و میلیشیاكان له عێراق و ئاڵۆزییه‌كانی سووریا و ڕێككه‌وتنی فه‌ڵه‌ستین و ئیسرائیلییه‌كان دێته ئاراوه و ئارامی باڵ به‌سه‌ر ناوچه‌كه ده‌كێشێت، به‌ڵام دوای 100 ڕۆژ له حوكمی بایدن، هیچ هه‌نگاوێكی ستراتیجی بایدن به‌رانبه‌ر به كێشه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نابینرێت.
چاوه‌ڕوان ده‌كرا كه بایدن له‌گه‌ڵ ته‌واوی وڵاتانی ناوچه‌كه بكه‌وێته گفتوگۆ و كێشه و گرژییه‌كان كۆتایی پێ بهێنێت، جیا له توركیا كه هه‌میشه دووپاتی ده‌كرده‌وه كه گه‌وره‌ترین سزای به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت، به‌ڵام ئه‌مه‌یشی نه‌كرد به كرده‌وه و تا ئێسته توركیا به‌رده‌وامه له‌سه‌ر ده‌ستدرێژییه‌كانی و ده‌ستوه‌ردان له كاروباری وڵاتانی ناوچه‌كه، به تایبه‌ت قوبڕس و لیبیا و سووریا.
ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی بایدن له كه‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردن دای، هه‌موو گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی دڵخۆش كردبوو و ئومێد و هیوای زۆریان هه‌بوو كه ئیتر بایدن ڕۆڵی كارا ده‌گێڕێ له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به پێچه‌وانه‌ی تره‌مپه‌وه كه پێشتر هه‌وڵی قووڵتركردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی ده‌دا و ئاڵۆزییه‌كانی له ناوچه‌كه زیاتر كردبوو.
هه‌موو ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی بایدن له كه‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردن له‌باره‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دای په‌راوێزی خستوون
ئێسته ڕه‌شه‌بای جیۆپۆله‌تیكی نوێ له جیهان هه‌موو ئه‌مانه‌ی گۆڕیوه و بایدن هێنده‌ی خه‌ریكی پێداچوونه‌وه‌ی پێوه‌ندی و ململانێ و هاوكێشه‌كانه له‌گه‌ڵ چین و ڕووسیا و كۆریای باكور هێنده به ته‌ك ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه نییه و به ته‌واوی په‌راوێزی خستووه.
ئه‌وه‌ی كه تا ئێسته له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بایدن هه‌نگاوی بۆ ناوه بریتییه له زیندووكردنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران و به‌رده‌وامبوون له گفتوگۆكانی ڤیه‌ننا، ئه‌مه‌یش هێنده‌ی له‌سه‌ر فشار و ده‌سپێشخه‌ری وڵاتانی ئه‌وروپا بووه، كه خه‌ریكی نێوه‌ندگیرین، هێنده بایدن و حكوومه‌ته‌كه‌ی به ڕژدییه‌وه لێی نه‌هاتوونه‌ته پێش، له‌باره‌ی شه‌ڕی یه‌مه‌ن و میلیشیاكانی ئێرانه‌وه‌یش هیچ هه‌نگاوێكی كرده‌یی له‌لایه‌ن بایدنه‌وه بۆ كۆتایهێنان به ئاڵۆزی و توندوتیژییه‌كان نه‌نراوه.
هه‌نگاو و كاره‌كانی بایدن به ئاراسته‌ی كێشه‌ی ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستین له‌سه‌رده‌می بوونی به كۆنگرێسمان له ئه‌مه‌ریكا تا ئێسته گۆڕانی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه و هه‌میشه له‌و بڕوایه‌دابووه، كه پێویسته دوو ده‌وڵه‌ت بۆ هه‌ردوولا بوونی هه‌بێت، به‌ڵام چۆن و كه‌ی هه‌نگاوی بۆ ده‌نێت، تا ئێسته به ئاسایی ماوه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌ی كه بایدن زۆرترین قسه‌ی له‌سه‌ر كرد له كه‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردن، سزادانی قورسی توركیا و ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و پشتیوانی كردنی كورد بوو له سووریا و هه‌رێمی كوردستان و دانانی سنوورێك بوو بۆ هێرش و په‌لامار و هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا، به‌ڵام ئه‌مانه هیچی نه‌هاتوونه‌ته دی، سه‌ره‌ڕای زۆر گوتنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵوێست و بۆچوونانه، به‌ڵام توركیا له هێرش و هه‌ڕه‌شه و په‌لاماره‌كانی بۆ سه‌ر كورد و له قوبڕس و لیبیا و وڵاتانی تری ناوچه‌كه‌یش نه‌ك هه‌ر پاشه‌كشه‌ی نه‌كردووه، بگره كێشه‌ی زیاتری دروست كردووه، كه‌چی ئه‌و سزا قورسانه‌ی بایدن باسی لێ ده‌كرد كه یه‌كه‌م كاری سه‌پاندنی سزا ده‌بێ به‌سه‌ر توركیا، هیچیان بوونیان نییه و پلانیش نییه كه له داهاتوویه‌كی نزیك بێنه دی!
وڵاتانی ناوچه‌كه باوه‌ڕیان به واشنتن نه‌ماوه و ڕوو له په‌كین و مۆسكۆ ده‌كه‌ن
بایدن به پێچه‌وانه‌ی تره‌مپه‌وه كه یه‌كه‌م سه‌ردانی بۆ سعوودیه بوو، كه‌چی ئه‌و چه‌ند پێوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌نجامداوه و كه‌مترین قسه‌یش له‌سه‌ر كێشه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات، ئه‌مه‌یش وایكردووه كه وڵات و گه‌لانی ناوچه‌كه متمانه‌یان به ئه‌مه‌ریكا نه‌مێنێت و وڵاتانی كه‌نداو و ئه‌وانه‌ی تریش به‌رده‌وام خۆیان له چین و ڕووسیا نزیك ده‌كه‌نه‌وه و به ته‌واوی گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه واشنتن ته‌نیا وه‌ك سه‌ربازێكی سه‌ر شه‌تڕه‌نج یارییان پێ ده‌كات و ستراتیجیانه له‌گه‌ڵیان نییه.