نرخی زەوی لە هەشتی حەسارۆك فڕی

:: PM:07:18:15/05/2021 ‌
دوای سەردانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەشتی حەسارۆكان پێدانی موژدەی ڕێپێدان بۆ دروستكردنی خانوو لە هەشتی حەسارۆكان خاوەن نووسینگەیەك دەڵێت، زەوی لە هەشتی حەسارۆك بەشێوەی چاوەڕوان نەكراو نرخەكەی بەرزبووەتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 15ـی ئایار، محەمەد ئازاد خاوەنی نووسینگەی شەقڵاوەی نوێ‌ لقی هەشتی حەسارۆكان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ بەشێك لە نووسینگەكانی كڕین و فرۆشتنی خانوو زەوی كراوە بوون و شوێنێكی هەولێر بازاڕی لە گۆڕانكاریدایە.

زیاتر گوتی، هەشتی حەسارۆكان نرخەكەی لە دوای 12ـی ئایار ڕۆژانە لە بەرزبوونەوەیە تا ئێستەیش بۆرسەی هەولێر بۆ زەوی نەكراوەتەوە بەهۆی پشووەكان، بەڵام نرخەكەی بەردەوام زیاد دەكات ئەوەیش دوای سەردانی سەرۆكی حكوومەت بەپێدانی موژدەی ڕێپێدان بۆ دروستكردنی خانوو.

باسی لەوەشكرد، زەوییەكانی هەشتی حەسارۆكان پێكهاتووە لە 250 مەتری و 300 مەتری و 450 مەتری، هەروەها شەقامی 60 مەتری هەشتی حەسارۆكان ژمارەی پێوانەیی تۆمار كردووە لە سێ‌ ڕِۆژی ڕابردوو لە بەرزبوونەوی نرخ، چونكە لە شەقامی 60 مەتری نزیك بووەتەوە لە 200 هەزار دۆلار.

ڕوونی كردەوە، هەرزانترن شوێنی ئێستە هەشتی حەسارۆك پێی دەگوترێت پشت فلۆریا ستی كە چاڵ و كەندە بە 60 هەزار دۆلارە واتا شەش دەفتەر پێشتر بە چوار دەفتەر و 40 وەرەقە هەبوو لەو شوێنە كە هەرزانترین شوێنە.

ڕۆژی چوارشەم 12ی ئایار، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی زەوییەكانی هەشتی حەسارۆكی لە شاری هەولێر كرد. دوای ئەوەی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر، ڕوونكردنەوەی پێویستیان لە بارەی كێشە و گرفتەكانی ئەو زەوییانە بۆ سەرۆكی حكوومەت خستەڕوو.

سەرۆكی حكوومەت لە وتەیەكدا، موژدەی بە خاوەن زەوییەكانی هەشتی حەسارۆك دا كە لە ئایندەیەكی نزیكدا، كێشەكانیان چارەسەر دەكات و بوار بۆ پێدانی مۆڵەتی بیناكردن دەكرێتەوە و پرۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەم زەوییانە بەپێی پلانێكی گونجاو دەست پێ دەكات .

سەرۆكی حكومەت هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە داو و دەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاسپاردووە ،  لە شوێنەكانی تریش كێشەی هاوشێوە چارەسەر بكەن و خزمەتگوازریی پێ بگەیەنن، بۆ ئەوەی لە كاتێكی زوودا ، ئاوەدانیی لەو شوێنانە دەست پێبكات.

ماوەی چەندان ساڵە زەوییەكانی هەشتی حەسارۆك كێشەی رێپێدان و خزمەتگوزارییان هەیە و ئومێدیان بە مەسروور بارزانی هەیە كێشەكەیان بۆ چارەسەر بكات.



وشە - رامیار جەواد