پیاو دەتوانێ تا كۆتایی تەمەن وەچە بخاتەوە؟

:: PM:05:20:19/06/2021 ‌

یەكێك لە جیاوازییەكانی پیاو و ژن لە رووی توانای وەچەخستنەوە ئەوەیە ئەندامی زاوزێی نێرینە، بەتایبەتی گونەكان، تا ماوەیەكی زیاتر لە هیلكەدان كار دەكەن، كە توانای وەچەخستنەوەی ژن سنووردارە و لە دەورەبەری تەمەنی 45 بۆ 50 ساڵی سووڕی مانگانە و دروستكردنی هیڵكۆكە دەوەستێت، رەنگە ئەوەیش زیاتر پێوەندی بەوەوە هەبێت دوای ئەو تەمەنە جەستەی ژن نەتوانێ بەرگەی دووگیانی بگرێت، بەڵام ئەوەی پیاو تا كەی بەردەوام دەبێت؟
پیاو لەگەڵ چوونە ناو تەمەن تووشی چەند كێشەیەك دەبێتەوە
رەنگە بگوترێ پیاوان، تەنانەت تا تەمەنی 80 ساڵیش دەتوانن وەچە بخەنەوە، ئەگەری هەیە ئەوە رووی دابێ لە تەمەنی 50 و 60 و تەنانەت 70یش هەبووبێت، ئەوان لەگەڵ هاوسەرێكی بەتەمەن بچووكتر لەخۆیان وەچەیان خستووەتەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە بزانرێت هەردوو رەگەز، واتە پیاو و ژن، لەگەڵ چوونە ناو تەمەندا توانای وەچەخستنەوەیان كەمتر دەبێتەوە، كە جیاوازە لە توانای سێكسكردن و ئەوەیش بەهۆی كێشە و نەخۆشی ترەوە دووچاری لاوازبوون دێتەوە. 

جین جۆنتەر، پزیشكی شارەزا لە نەخۆشییەكانی ژنان و لەدایكبوون دەڵێت، ژن دوای تەمەنی 30 ساڵی توانای وەچەخستنەوەی روو لە كەمبوونەوە دەكات، تا دەگاتە ناوەڕاستی چلەكانی تەمەن و دووگیانبوونی بێ هۆكارەكانی یارمەتیدانیان دەگمەن دەبێت.

ئەو پزیشكە لەبارەی پیاوەوە دەڵێت، لەگەڵ چوونە ناو تەمەنی پیاو، تووشی چەند كێشەیەك دەبێتەوە، لەوانە لاوازیی رەقبوونی ئەندامی نێرینە، كەمبوونەوەی كوالیتی سپێرم و تۆواوگ، هەروەها زۆرێك لە پیاوانی سەرووی 51 ساڵ، بەدەست كەمبوونەوەی ئەگەری سەركەوتنی چارەسەری نەزۆكییەوە دەناڵێنن، بۆیە راستە پیاوان ناگەنە حاڵەتی وەستانی تەواوەتی توانای وەچەخستنەوە، وەك ئەوەی ژنان پێی دەگەن بە وەستانی سووڕی مانگانەیان، بەڵام پێویستە لەو بابەتەدا رەچاوی تەمەن و توانای وەچەخستنەوەی پیاویش بكرێت لە رووی شایستەیی بۆ ئەو كارە.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل