كەركووك.. چالاكییەكانی داعش زیاتر دەبێت

:: PM:10:05:19/06/2021 ‌

هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، دۆخی چەند ناوچەیەكی ئەو وڵاتە لە رووی تەناهییەوە روو لە خراپییە، لە كەركووك بەهۆی تەقینەوەیەی بۆمبێكی چێنراوەوە سێ سەربازی عێراق بریندار دەبن، توێژەرێكی كوردیش پێی وایە كە داعش دەستی بە جموجۆڵێكی مەترسیدار كردووە و نابێت ئەمەریكا هەڵەی 2011 دووبارە بكاتەوە.
داعش لە دەوروبەری داقووق مەترسییەكی بەردەوامە
سەرچاوەیەكی تەناهی ئاماژەی كرد كە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو بە ئۆتۆمبێلێكی سەربازی لە جۆری هەمەر لە ناوچەی "دۆڵی شای"، سەر بە شارۆكەی داقووق لە پارێزگای كەركووك، بەوهۆیەوە سێ سەرباز بریندار بوون.

لای خۆیەوە رێبین سەلام، توێژەر رای گەیاند، تا ئێستە دۆخی تەناهی عێراق باش نییە و ئاڵۆزە، داعش بە ئاسانی جموجۆڵ دەكات، جیا لەوەیش چەند پێكهاتەیەكی عێراق ترسی گەورەیان هەیە بەوەی پاشەكشەی هێزەكانی ئەمەریكا ببێتە هۆی باڵادەستیی پێكهاتەیەك و چەند لایەنێكی چەكدار بەسەر عێراق.

زیاتر گوتی، پێویستە حكوومەتی عێراق درك بەوە بكات لە ماوەی دواییدا داعش بە شێوەیەكی مەترسیدار جموجۆڵ دەكات و هەڵەی پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمەریكا وەك لە 2011 دووبارە نەكرێتەوە، دووپاتی كردەوە، وەك كورد وای دەبینین بەردەوامیی مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا بۆ راهێنانكردن بە سوپای عێراق و پێشمەرگە توانایان زیاتر دەكات لە رووبەڕووبوونەوەی رێكخراوە توندڕۆكان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل