پڕۆژیەكی زانكۆی سۆران بووە یەكەمی پێشانگای هایتێكس

:: PM:10:29:19/06/2021 ‌

لە سێیەم و دوایین رۆژی پێشانگای "HITEX 2021 "، كە گەورەترین پێشانگای تەكنەلۆجییە لە عێراق و بۆ جاری دووەم لە شاری هەولێر بەڕێوە دەچێت، زانكۆی سۆران و تیمی (ئای تی)ی زانكۆكە، بوونە یەكەمی پێشانگاكە.

16ی ئەم مانگە بۆ دووەمین جار گەورەترین پێشانگای تەكنەلۆجیای هایتێكس لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی 100 كۆمپانیا، بە نوێنەرایەتی 26 وڵات لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بە بەشداری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو . 
زانكۆی سۆران لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان لە كۆی 120 پڕۆژە پلەی یەكەمی بەدەست هێنا
ئەمڕۆ شەموو 19ی حوزەیران، هەژار رەحیمی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانكۆی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، زانكۆی سۆران جیا لەوەی بواری خوێندن و ئاستی زانستیدا پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، لە بواری  ITدا  پێشكەوتووە.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانكۆی سۆران دەڵێت، دوای بەشداریكردن لە پێشانگای  HITEX 2021، دوو لە پڕۆژەكانی زانكۆی سۆران چوونە Top 10 پێشبڕكێی پێشانگاكە و لە رۆژی چوارەمدا، یەكێك لەو دوو پڕۆژەیە"civic management system" ، چووە  Top 10 و خۆشبەختانە بووە یەكەم پڕۆژە لەسەر ئاستی پێشانگاكە.

"پیرۆزباییەكی گەرم لە تیمی زانكۆی سۆران بە سەرۆكایەتی د. رەنجبەر بالیسانی دەكەین، كە بە هەوڵ و بەهرەمەندی و توانای بەرزی داهێنانیان، لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان، لە كۆی 120 پڕۆژە، بوونە ئەستێرەی درەوشاوەی ئەم  پێشانگا تەكنەلۆجییە"، هەژار رەحیمی وای گوت.

پێشانگای هاتێكس، ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت، لە میانەی بەڕێوەچوونی چالاكییەكانیدا، پانێلێك لەبارەی جیهانی تەكنەلۆجیا بەڕێوە چوو، ئامانج لە كردنەوەیشی راكێشانی سەرنجی كۆمپانیا بیانییەكانە بۆ بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و پێشخستنی كەرتی تەكنەلۆجیایە.

زانكۆی سۆران لە كۆتایی 2009 بە فەرمانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دامەزراوە، ساڵی رابردوو لە ریزبەندی زانكۆكانی كوردستان پلەی یەكەمی بە دەست هێنا، ئەو زانكۆیە خاوەنی پێنج فاكەلتی و زیاتر لە سێ هەزار قوتابی و 300 مامۆستایە.

سۆران/ مورشید برادۆستی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل