به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر ئاشكرای كردووه، ته‌نیا له ڕۆژانی جه‌ژنی قوربان له ڕێی بازگه‌كانه‌وه، 127 هه‌زار و 432 گه‌شتیار سه‌ردانی پارێزگای هه‌ولێریان كردووه، جگه له‌و گه‌شتیارانه‌ی له ڕێی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێره‌وه هاتوون.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 25ی ته‌مووز، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر له ڕاگه‌یانراوێكدا ڕای گه‌یاندووه، "له ماوه‌ی ڕۆژانی جه‌ژن، ته‌نیا له بازگه‌كان 127 هه‌زار و 432 گه‌شتیار سه‌ردانی پارێزگای هه‌ولێریان كردووه، جگه له‌و گه‌شتیارانه‌ی له‌ڕێی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێره‌وه هاتوون".
ڕوون كراوه‌ته‌وه، "له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر له سنووری پارێزگای هه‌ولێر، چه‌ندان لیژنه‌ی تایبه‌ت پێكهێنرا به مه‌به‌ستی چاودێریكردن و به‌دواداچوون بۆ بنكه و ناوچه گه‌شتیارییه‌كان و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری به‌ڕووی گه‌شتیاران".
له‌باره‌ی لیژنه‌كانه‌وه ئاماژه كراوه، "لیژنه‌ی تایبه‌ت بۆ به‌دواداچوون له پێداویستی گه‌شتیاران له بازگه‌كان و دابینكردنی ئاوی خواردنه‌وه بۆیان، هه‌روه‌ها دابه‌شكردنی ژماره‌ی ته‌له‌فۆنی لیژنه‌كان به‌سه‌ر گرووپه گه‌شتیارییه‌كان و گه‌شتیاران بۆ ئه‌وه‌ی ھاوكاربن بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌ر ڕووداوێك یان گیروگرفتێك، جگه له‌وانه دابینكردنی ته‌واوی خزمه‌تگوزاریی پێویست له بازگه‌كان بۆ گه‌شتیاران وه‌ك پێدانی ڕێنوێنیی گه‌شتیاری و ته‌ندروستی."
ئه‌وه‌یان خستووه‌ته‌ڕوو، له ڕۆژانی جه‌ژندا لیژنه‌ی تایبه‌ت به‌مه‌به‌ستی چاودێریكردنی نرخ له شوێن و بنكه گه‌شتیارییه‌كان له سنووری پارێزگای هه‌ولێر هه‌بووه، هه‌روه‌ها لیژنه‌ی تایبه‌ت به به‌دواداچوون بۆ كردنه‌وه‌ی چێشتخانه‌كان له‌ڕۆژانی جه‌ژن بۆ خزمه‌تی گه‌شتیاران ڕۆڵیان هه‌بووه".
لای خۆیه‌وه فادی حه‌ریری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی هوتێل مه‌سای پێنج ئه‌ستێره‌یی له هه‌ولێر، به "وشه"ی گوت، "ئه‌م جه‌ژنه دوو جه‌ژن بووه بۆ ئێمه و گه‌شتیارێكی زۆری بیانی و ناوخۆیی عێراق سه‌ردانی هه‌ولێریان كرد".
زیاتر گوتی، "زۆربه‌ی هوتێله پێنج ئه‌ستێره‌ییه‌كان ژووریان نه‌مابوو و هه‌روه‌ها خزمه‌تگوزاریی باشیش پێشكه‌شی گه‌شتیاران كرا، له به‌رانبه‌ر نرخه‌كه‌یش له‌چاو زۆربه‌ی شاره‌كانی تر، له هه‌ولێر نرخ گونجاوتر بوو".
ئاشكرای كرد، "كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌بوو گه‌شتیاران پابه‌ندی ڕێنوێنییه ته‌ندروستییه‌كان نه‌ده‌بوون، ئه‌مه‌یش وای كردبوو زیاتر ئێمه به‌و خاڵه‌وه سه‌رقاڵ بكات و ئاگاداری پابه‌ندییه‌كانیان بین".
له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوو هه‌رێمی كوردستان له بواری گه‌شتوگوزار، هه‌نگاوی گه‌وره‌ی ناوه و ساڵانه نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن گه‌شتیار و زیاتر له بۆنه‌كانی وه‌ك جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان و قوربان و سه‌ری ساڵ و نه‌ورۆز، دێنه هه‌رێمی كوردستان كه به‌شی هه‌ره‌زۆری گه‌شتیاره‌كان له ناوچه‌كانی خواروو و ناوه‌ڕاستی عێراقه‌وه دێن بۆ شوێنه گه‌شتیارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.