نرخی نەوت گەیشتە سەرووی 79 دۆلار

:: AM:09:30:27/09/2021 ‌
لەگەڵ كردنەوەی هەفتەیەكی نوێی بازاڕی بۆرسە، نرخی نەوت لە بازاڕەكان بە رێژەیەكی بەرچاو هەڵكشا و بەرزترین نرخی لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو تۆمار كرد.

بەگوێرە،ی dailyfx  نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 79 دۆلار و 25 سەنت دەفرۆشرێت، لە چەند سەعاتی رابردوودا دۆلارێك و 24 سەنت لە هەر بەرمیلێك نەوتی زیادی كردووە.

نرخی نەوت لە كاتێكدا رووی لە هەڵكشان كردووە كە لە چوار رۆژی كۆتایی هەفتەی رابردووی بازاڕی بۆرسەش، نرخی نەوت بەردەوام رووی لە هەڵكشان كردبوو و ژمارەی پێوانەیی شكاندبوو.

هەر ئێستە نرخی نەوتی تێكساسی ئەمەریكاش بە 75 دۆلار و سێ سەنت دەفرۆشرێت. ئەم جۆرە نەوتە ساڵی رابردوو بۆ سفر دۆلار دابەزیبوو.

گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ كەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی كۆگاكراو لای وڵاتانی دنیا دەگەڕێتەوە. بەهۆی ئەوەی كە لە ئەمەریكا دوای روودانی زریان، بەرهەمهێنانی نەوت لە چەندان ویلایەت پەكی كەوت. كۆمپانیاكان بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانیان سوودیان لە نەوتی كۆگاكراو وەرگرت. لە چینیش كە یەكێكە لە بەكاربەرە سەرەكییەكانی نەوت، كۆمپانیاكان بە ناچاری سوودیان لە نەوتی كۆگاكراو وەرگرت.

چەند رۆژێكە چین هانای بۆ فرۆشتنی نەوتی كۆگاكراو بردووە


چەند رۆژێكە چین هانای بۆ فرۆشتنی نەوتی كۆگاكراو بردووە و بەگشتی لە دنیادا داخوازی لەسەر نەوت بەرز بووەتەوە. پەكخرانی بەشێك لە دامەزراوەكانی بەرهەمهێنانی نەوت و كەمیی وەبەرهێنان لە كەرتی نەوت، لە ژێر كاریگەریی كۆرۆنا هۆكار بووە كە نەتوانرێ پێداویستییەكانی بازاڕ پڕ بكرێتەوە.

ماوەی رابردوو لە كەنداوی مەكسیك كە یەكێك لە سەرچاوە هەرە گرنگەكانی دابینكردنی پێداویستیی نەوتە لە ئەمەریكا، بەرهەمهێنانی نەوت پەكی كەوت و دیاریش نییە كەی ئاسایی دەبێتەوە.

كەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی كۆگاكراو راستەوخۆ كاریگەری هەیە بۆ سەر بەرزكردنەوەی نرخی نەوت، پێشبینی دەكرێ ئەمە ماوەیەكی تریش بەردەوام بێت.

ساڵی رابردوو بەهۆی سەرهەڵدانی كۆرۆنا، نرخی نەوتی تێكساس بۆ خوارووی سفر دابەزی و كڕیاران لە بری كڕینی نەوت، پارەیەكیشیان وەردەگرت. هەر ئەوكات ئۆپێك پڵەس بڕیاری دا بەرهەمهێنان كەم بكاتەوە، بۆیە نرخی نەوت دووبارە بەرز بووەوە.

ئۆپێك پڵەس مانگی رابردوو بڕیاری دا، بەرهەمهێنانی نەوت قۆناغ بە قۆناغ بەرز بكاتەوە


ئۆپێك پڵەس مانگی رابردوو بڕیاری دا، بەرهەمهێنانی نەوت قۆناغ بە قۆناغ بەرز بكاتەوە، سیاسەتەكانیشی تا كۆتایی ساڵی 2022 بەردەوام بێت.

هەرێمی كوردستان لە داهاتەكەی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كاریگەری بۆ سەر سووككردنی تەنگژەی دارایی هەیە.



وشە - سلێمان تاشان