دوای دووركەوتنەوە لە دەسەڵات مێركڵ چۆن ژیان بەسەر دەبات؟

:: PM:02:01:27/09/2021 ‌
دوای ئەوەی ماوەی 16 ساڵ ئەنجێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا بوو و لەم هەڵبژاردنەی دوێنێش پارتەكەی لە هەڵبژاردن دۆڕاندی. زۆرن ئەوانەی پێیان خۆشە بزانن ئەو خاتوونەی لە دەسەڵاتدا نازناوی "ژنی ئاسنین"یان پێ درابوو، لە دوای گەڕانەوەی بۆ ماڵەكەی و دوور لە دەسەڵات، چۆن ژیان بەسەر دەبات؟.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم 27ی ئەیلوول، راپۆرتێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، مێركڵ لە دەسەڵات و لە دەرەوەی دەسەڵاتیشدا، كەسایەتییەكی ئاسایی بووە و بۆ ژیانی دوای دەسەڵاتیش هەر بەو شێوەیە دەمێنێتەوە، بۆیە دەسەڵات نەیتوانیوە دۆخی ژیانی ئەو خاتوونە بگۆڕێت، چونكە ئەوكاتەی راوێژكاری ئەڵمانیا بوو، دەستبەرداری ژیانە تایبەتەكەی خۆی نەبووە.

لە دوای دەستبەرداربوون لە دەسەڵات، مێركڵ دەگەڕێتەوە ناو ئەو شوقەیەی پێشتر تێیدا دەژیا


بەپێی ئەو زانیارییانەی لە نزیكەكانی مێركڵ بڵاو بوونەتەوە، لە دوای دەستبەرداربوون لە دەسەڵات، مێركڵ دەگەڕێتەوە ناو ئەو شوقەیەی پێشتر تێیدا دەژیا، هاوكات خانوویەكی لە گوندێكی ئۆكرمارك هەیە و جارجارەیش لە بۆشاییدا لەگەڵ هاوسەرەكەی بۆ ئەوێ دەچن. بۆیە مێركڵ لە ئێستەوە رەتی كردووەتەوە لەو ماڵە بمێنێتەوە كە حكوومەت بۆ ژیانی دابینی كردبوو.

پێگەكە نووسیویەتی، ئەنجێلا مێركڵ لەگەڵ هاوسەرەكەی دكتۆر یواكیم سویر، لە شوقەیەك لەناو باڵەخانەیەكدا دەژین لەناو بەرلینی پایەتەخت، شوقەكەی كەوتووەتە نهۆمی چوارەم. دروستكردنی باڵەخانەكە بۆ سەدەی 19مین دەگەڕێتەوە و باخچەی تێدا نییە. تەواوی باڵەخانەكە چەندان شوقەی تێدایە و هەر شوقەیەك خێزانێك تێیاندا دەژین. لە بەردەم دەرگە سەرەكییەكەیدا یەك پۆلیس و ئۆتۆمبێلێكی فریاكەوتن وەستاون و هیچی تر.

مێركڵ وا فێر بووە كە بەیانیان لەگەڵ هاوسەرەكەی نان بخوات ئەوجا بڕواتە دەرەوە


مێركڵ وا فێر بووە كە بەیانیان لەگەڵ هاوسەرەكەی نان بخوات ئەوجا بڕواتە دەرەوە، لە دەسەڵاتیشدا بووە هەر بەو شێوەیە هەڵسوكەوتی كردووە. خۆی و هاوسەرەكەی رۆژانە ماوەیەكی زۆر بە پێ هاتوچۆ دەكەن. هەردووكیان ئارەزوویانە بۆ گوێگرتن لە موزیك، بچنە ئۆپرا كە ئەوەیان زیاتر ئارەزووی هاوسەرەكەیەتی كە بووەتە ئارەزووی مێركڵیش.

هاوكات بەپێی پێگە عەرەبییەكە، ئەنجێلا مێركڵ چێشتلێنەرێكی زۆرباشە، بۆیە زۆرینەی خواردنەكان خۆی دروستیان دەكات، لەبەرئەوەی بێگومان ئەوكاتەی لە دەسەڵات نامێنێ و دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەكەی خۆی، بایەخێكی زۆر بە دروستكردنی خواردن دەدات كە ئەویش یەك لە ئارەزووەكانیەتی.

دواتریش پێگەكە ئاماژەی داوە كە ئەنجێلا مێركڵ لە دەرەوەی دەسەڵاتیشدا، هاوسۆزی تۆپی پێ بووە، كاتێك هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە 2014دا كاسی جیهانیی بەدەست هێنا، ئەو لە گەشتەكەدا هاوڕێی تیپەكە بووە و لە یارییەكەیاندا وەك بینەر  ئامادە بووە.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د