فازڵ میرانی: دەنگدان بە پارتی دەنگدانە بەم ئەزموونەی كوردستان

:: PM:02:14:27/09/2021 ‌
فازڵ میرانی سكرتێی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كاتی بانگەشەی حزبەكەی ڕای گەیاند، دەنگدان بە پارتی، دەنگدانە بەم ئەزموونەی كوردستان، خەڵكی كوردستان پێویستیان بە حزبێكی ئەزمووندارە و پارتیش تاكە حزبە كە سەقامگیریی تێدایە. 

ئەمڕۆ دووشەم 27ـی ئەیلوول، فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كاتی بانگەشەی حزبەكەی ڕای گەیاند، خەڵكی كوردستان پێویستیان بە حزبێكی ئەزمووندارە و پارتیش تاكە حزبە كە سەقامگیریی تێدایە. 

زیاتر گوتی، دەنگدان بە پارتی، دەنگدانە بە ئەزموونی هەرێمی كوردستان، بانگەشەی ئێمە لە هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە، ببینەوە بە حزبی یەكەم، بەڵام حزبی یەكەم بە مانای ئەوە نایەت ئێمە یەكەم و حزبێكی تر دووەم بێت، بەڵكو یەكەم بۆ ئەوەیە بۆ پارێزگاریكردن لە كوردستان بمێنین، ئێمە هێزێك نین بە خەڵكی تر بڵێین بڕۆن و ئێمە دێین، بەپێچەوانەوە دەڵێین ئێمە چووین و ئێوەش وەرن، چونكە وەك پارتی هەروا بووین.

باسی لەوەش كرد، قسەنەكردنی پارتی لە هەندێ بابەتدا بە مانای ئەوە دێت، بێدەنگیی لای ئێمە زێڕە، زۆر قسەكردنی خەڵكێكیش زیوە، بێگومان زێڕ و زیو جیاوازییان زۆرە، پارتی قوتابخانەیەكە تایبەتمەندیی خۆی هەیە و لە هیچ هێزێكی تریش ناچێت، چونكە خاوەن ئەزموونین و هەوراز و نشێوی زۆرمان بینیوە، پارتی هێزێكە تەنیا بە شوێن سەروەرییەكانی ناكەوێت، بەڵكو بە شوێن هەڵەكانیشدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی ئەگەر پێمان بكرێت، ئەوەی رابردوو چارەسەر بكەینەوە، ئەوە باشە، بەڵام ئەگەر كاتی بەسەردا چوو، ئەوە مرۆڤ نەهێڵێ دووبارە ببێتەوە، حزبێكی وا یان سەركردەیەكی وا، بە دڵنیاییەوە لە سەركەوتن نزیكە.

ڕوونی كردەوە، دەنگدان بە پارتی، دەنگدانە بەم ئەزموونەی كوردستان، خەڵكی كوردستان پێویستی بە حزبێكی ئەزمووندار هەیە، بە حزبێكی یەكگرتوو هەیە، لە دوای ساڵی 1979 پارتی یەكەم حزبی كوردستانییە كە سەقامگیریی تێدایە، ئەوە نەبێت ئێمە كێشە و بۆچوونی جیاوازمان نەبێت لەناو پارتیدا، بەڵام ئێمە حزبێكی یەكگرتووین و وابەستەین بە مەرجەعی خۆمان.



وشە - رامیار جەواد