ئەو ئەستێرانەی لە چاوەزار دەترسن

:: AM:11:37:28/09/2021 ‌
"چاوەزار" دەستەواژەیەكە كە لە هەموو دنیادا باوە و خەڵكێكی زۆر هەن بڕوایان پێ هەیە، بۆیە جۆرە بەردێكی رەنگ شین هەیە لە خۆیان دەبەستن، زۆرجاریش لەسەر دیواری ماڵەكانیان هەڵدەواسن تا چاوی پیس كاریان لێ نەكات. لە هەندێك ناوچەدا پێی دەگوتری "چاونەفەس"، هەندێكیش پێی دەڵێ بە چاوەوە بووە.

چاونەفەس یان چاوەزار تا ئێستەیش لەلای خەڵكێكی زۆر بە خورافە تەماشا دەكرێت، لەلای زۆرینەی ئاینەكانیش بە واقیع دەبینرێ و خەڵكێكی زۆری تریش هەن بڕوایان پێ هەیە، یان وەك دەڵێن ئەزموون كراوە.

پێگەی "فەرفیش" كە پێگەیەكی ئەلیكترۆنیی میسرییە، نموونەی چەند ئەستێرەیەكی جیهانیی هێناوەتەوە و وێنەكەیانی بڵاو كردووەتەوە، مەبەستی لە بڵاوكردنەوەی ئەوە بووە كەم نین لەو ئەستێرانەی دنیا كە باوەڕی تەواویان بە چاوەزار هەیە، هەندێك بەهۆی جوانییەكانیان و هەندێكی تریش بەهۆی دەوڵەمەندییەكان

جیجی حەدید نمایشكاری ئەمەریكی بەڕەگەز فەلەستینی، یەك لەوانەیە كە بڕوای تەواوی بە چاوەزار هەیە. بۆ ئەوەی چاوی پیس كاریگەریی لەسەر جوانییەكەی نەبێت، چەندان ملوانكە و بازن و ئەنگوستیلەی بە خۆیەوە كردووە.

كیم كارداشیانیش ئەستێرەیەكی ترە كە بڕوای تەواوی بە چاوەزار هەیە، بۆیە وێنەیەكی تایبەتی خۆی بڵاو كردووەتەوە و بازنێكی بە بەردە شینەكە پێشان داوە. نووسیویەتی خوا لە چاوی پیس بمپارێزێت.

ریتا ئۆرایش كە ئەستێرەیەكی ناودار و خۆشەویستی رۆب كارداشیانە، ئەویش لە ترسی چاوەزار، بەردەوام ملوانكەیەكی گەورە لە مل دەكات كە قاشەكەی بەردە شینەكەیە. ئەو دەڵێ ئەم ملوانكەیە بە زێڕ و ئەڵماس ناگۆڕمەوە.

نەعوومی كامبڵ كە ئەویش نمایشكارێكی ناودارە، ئەوكاتەی دەچێتە سەر فەرشی سوور بۆ نمایشەكانی، دوو ملوانكە لە مل دەكات و هەردووكیشیان بە بەردی شینی چاوەزار رازاونەتەوە، چونكە بڕوای تەواوی بە چاوەزار هەیە و دەیەوێ بەو شێوەیە خۆی و سامانەكەی بپارێزێت.

سارا عەلی خان كە ئەستێرەیەكی ناوداری دنیای بۆڵیوودە، بەردەوام بەردی شینی ناو ئەنگوستیلەكەی لە پەنجەی چەپدایە، رەنگی پێڵاوەكانیشی هەمان رەنگی بەردەكەیە. وەك خۆی گوتوویەتی زۆر لە چاوەزار دەترسێ و خۆی لێ دەپارێزێت.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د