پارتی: دەستەی دادوەری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەژێر فشاردا بڕیارێكی هەڵەی دەركردووە

:: PM:12:32:18/11/2021 ‌
یەكێتی دەستی كردووە بە پڕوپاگەندە لەبارەی دوو كورسیی مووسڵ و هەولێر و پێی وایە، كورسییەكانی زیادی كردووە و بەرپرسێكی پارتیش دەڵێت، ئەو كارەی یەكێتی سیناریۆیە و خۆیان دروستیان كردووە، جگەلەمە دەستەی دادوەری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیش لەژێر فشار، بڕیارێكی نادروستیان دەركردووە كە لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی تشرینی دووەم، هاوار محەمەد بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو پڕوپاگەندانەی یەكێتی بۆ دوو كورسیی مووسڵ و هەولێر كردوویەتی، تەنیا هەوڵێكە بۆ ئەوەی یەكێتی بیكاتە ئەمری واقیع،  چونكە ساڵی 2018 هەمان حاڵەت رووی دا، دواتر لە دادگای فیدراڵی پارتی سكاڵای تۆمار كرد و لێی بردەوە.

ئەو دەڵێت، "گومانمان لەسەر ئەو سكاڵایەی یەكێتی هەیە، چونكە دڵنیاین لەوەی ئەوان خۆیان ئەو سكاڵایەیان دروست كردووە بۆ ئەوەی دەنگەكانی هەولێر بسووتێنن و لە بەرژەوەندیی خۆیان بگەڕێتەوە، ئەوان پشتیان بەوە بەستووە چەند پەنجەمۆرێكی دەنگدەر دووبارە بووەتەوە، بۆیە هاتوون سكاڵایان تۆمار كردووە."

بەرپرسی بەشی یاسا لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی گوتی، ناكرێ دوو كەس دەنگ بدەن بەبێ كێشە و گرفت بەپێی رێكارە یاساییەكان بێت، لەبەرئەوەی كەسی سێیەم هاتووە و ساختەی كردووە، دەنگەكانی تریش لەگەڵیدا بسووتێت.
 
گوتوویانە هەر سندووقێك پەنجەمۆری دووبارە بێتەوە، دەنگەكانی دەسووتێت


وەك زیاتر خستیە ڕوو، دەستەیەكی دادوەری هەیە لە كۆمسیۆن كە لە سێ حاكم پێكهاتووە، نازانن لەسەر چ بنەمایەك و لە ژێر چ فشارێك یان بە پارە ئەو بڕیارەی دەركردووە، گوتوویانە هەر سندووقێك پەنجەمۆری دووبارە بێتەوە، دەنگەكانی دەسووتێت، لە كاتێكدا ئەو دەستەیە هیچ مافێكی نییە ئەو بڕیارە بدات، بەپێی رێكارە یاساییەكانیش هەركات ئەو پەرلەمانتارانە سوێندی یاساییان خوارد، سكاڵایان لەسەر تۆمار دەكەن و ماف بۆ خاوەن ماف دەگێڕنەوە.

جێی باسە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 10ی مانگی رابردوو كە بۆ پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو، پارتی 33  كورسی پەرلەمانی بەدەست هێناوە، بەڵام یەكێتی 16 كورسیی بردەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سلێمان تاشان