شەپۆلێكی باران ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكات

:: AM:10:35:19/11/2021 ‌
کەشناسی هەرێمی کوردستان پێشبینی باران لە ڕۆژانی شەموو تاکو دووشەمی داهاتوو دەکات.
 
بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕاى گه‌یاندووه‌، "بەهۆی درێژبوونەوەى نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى ناوەڕاست بۆ سەر ناوچەکەمان، ڕۆژى شەموو لە کاتەکانى بەرەبەیان ئاسمانى هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور و پاشان بۆ هەورى تەواو لەگەڵ ئەگەرى نمەبارانى کەم لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و پاشان باران بارین لەسەر هەندێك لە بەشەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى بەشێوەیەکى پچڕ پچڕ".
 
زیاتر هاتووه‌، "ئەگری بەفربارینێکی کەم لە لوتکەى ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان دەبێت، هاوكات بۆ ڕۆژی یەکشەم پێشبینی دەکات، ئاسمان نیمچە هەور بێت و ئەگەرى نمە باران لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان هەبێت و لە هەندێك کاتدا سەنتەرى پارێزگاکان تەنها نیمچە هەور دەبێت."
 
کەشناسی هەرێمی کوردستان ئاماژه‌ى داوه‌، "ڕۆژى دووشەم کاریگەریی ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکەمان زیاد دەکات و بارانبارینى مامناوەند لە تەواوى ناوچەکەمان دەبارێت و هەندێك ناوچە لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان لێزمەبارانى دەبێت بە تایبەت ناوچە شاخاوییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر و سنوورى پارێزگاى دهۆک بارانى بە لێزمەى لێ دەبارێت".
 
ئاشكرا كراوه‌، "بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی خێرایی با لەکاتى بارانبارین زیاد دەکات و پلەکانى گەرما بەتایبەت بەرزترین پلەکانى گەرما بە نزیکەى سێ بۆ پێنج پلەى سیلیزى نزم دەبێتەوە. ڕۆژى سێشەمیش لە کاتەکانى بەرەبەیان کاریگەریی ئەو شەپۆلە لەسەر ناوچەکە کۆتایی دێت".

ئەمە سێیه‌م شەپۆلە كە لە وەرزی نوێی باران هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، لە شەپۆلەكەی ڕابردوو لە چەند شوێنێكی پارێزگای هەولێر لافاو ڕووی دا و زیانێكی زۆری بە هاووڵاتییان گەیاند.


وشە - محەمەد میران