700 گیراوی داعش لە رۆژئاوای كوردستان ئازاد دەكرێن

:: PM:04:17:27/11/2021 ‌
هێزەكانی سووریای دیموكرات ئاشكرایان كرد،لە بەرنامەیاندایە 700 گیراوی داعش ئازاد بكەن كە لە ساڵی 2014ەوە لە گرتووخانەكان راگیرابوون.

بەگوێرەی شەفەقنا، ئەو 700 كەسە خەڵكی پارێزگاكانی رەقە، حەسەكە و دێرەزوورن، بڕیارە بە میانگیریی سەرۆك هۆزەكانی ئەو ناوچانە ئازاد بكرێن. ئەو 700 گیراوە لە گرتووخانەكانی رەقە، غویران، تەبەقە، جركین، عەلایا، مالكییە، شەدادی، سوور، عەمر، نافكەر و كەسرە راگیرابوون.

هیچ بەڵگەیەكی سەلمێنراو لە سەریان نەدۆزراوەتەوە


هێزەكانی سووریای دیموكرات گوتوویانە، هەموو ئەو 700 كەسەی بە تەمان ئازادیان بكەن، هیچ بەڵگەیەكی سەلمێنراو لە سەریان نەدۆزراوەتەوە كە پێشانی بدات ئەوان داعش بووبن و دەستیان لە رشتنی خوێنی خەڵكدا هەبێت. هاوكات باسیان لەوە كردووە هەر كاتێك بزانن یەكێكیان تاوانی كردووە، ئەوا لە لیستەكە دەیسڕنەوە و دادگایی دەكەن.
 
بەگشتی هەموو ئەو هاووڵاتییە سوورییانەی كە تووشی هەر تاوانێك بوون، ئەوا لەسەر تاوانەكەیان دادگایی دەكرێن و بە گوێرەی تاوانەكە سزا دەدرێن .

جێی باسە بە دەیان هەزار گیراوی داعش بەدیل كەوتوونەتە دەستی هێزەكانی سووریای دیموكرات، كە ژمارەیەكی بەرچاویان بیانین و بە تیرۆریستی مەترسیدار هەژمار دەكرێن.


وشە - سلێمان تاشان