"هێرشه‌كانی داعش مه‌ترسین بۆ سه‌ر ئارامى و سه‌قامگیریى عێراق و ناوچه‌كه"

:: PM:10:59:05/12/2021 ‌
 
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی كرد كه‌ هێرشه‌كانی دوایی داعش، مه‌ترسی راسته‌قینه‌ن بۆ سه‌ر ئارامى و سه‌قامگیریى عێراق و ناوچه‌كه‌ و ئاسایشى جیهان، بۆیه‌ پێویسته‌ پشتگیریى كۆمه‌ڵگه‌ و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان پته‌وتر بكرێن.

له‌ میانى پێشوازىكردنی له ئێریك شوڤالیێ، باڵوێزی فڕه‌نسا له‌ عێراق، كه‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو، سه‌رۆكی هه‌رێم راسته‌ڕێكردنى پرۆسه‌ى سیاسى له‌ وڵات و بوونى سه‌قامگیریى سیاسى، به‌ پێویستییه‌كى له‌پێشینه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و تێكشكاندنى یه‌كجاره‌كیى داعش له‌ قه‌ڵه‌م دا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ ئۆلیڤیێ دیكۆتینى، كونسولى گشتیى فڕه‌نسا و به‌رپرسان له‌ سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ بوون، دوا پێشهاته‌ سیاسى و ته‌ناهییه‌كانی عێراق، هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران و په‌سه‌ندكردنى ئه‌نجامه‌كانى، هه‌نگاوه‌كانى داهاتوو بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى فیدراڵى عێراق و پته‌وكردنى پێوه‌ندییه‌كانى فڕه‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون، كه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و تیكشاندنى داعش، هاریكارى و هاوئاهه‌نگیى سه‌ربازیى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق و به‌رده‌وامیى پشتگیریى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستانى پێویسته‌. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ باڵوێزى فڕه‌نسا له‌ عێراق، وێڕاى سه‌ره‌خۆشى بۆ شه‌هیدانى ئه‌م دواییه‌ى ده‌ستى تیرۆر له‌ پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتییان، به‌رده‌وامیى هه‌موو هاوكارى و پشتگیرییه‌كى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

ده‌رباره‌ى حكوومه‌تى داهاتووى عێراقیش، هه‌ردوولا دووپاتیان له‌ گرنگیى هاتنه‌كایه‌ى حكوومه‌تێك كرده‌وه،‌ كه‌ مایه‌ى ره‌زامه‌ندى و كۆكه‌ره‌وه‌ى هێز و پێكهاته‌كانى عێراق و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى چاوه‌ڕوانى و داواكارییه‌كانى هاووڵاتییان له‌ ئارامى و ژیانێكى باشتر بێت، هه‌روه‌ها به‌ره‌نگارى ته‌حه‌دییه‌كانى ئێسته‌ و داهاتوو ببێته‌وه‌ و رۆڵى خۆى له‌ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیریى ناوچه‌كه‌دا بگێڕێت.

پێوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، گرنگیى یه‌كڕیزیى لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان و هاوبه‌شیى كارایان له‌ به‌غدا، په‌تاى كۆڤید- 19 و لێكه‌وته‌كانى، پرسى كۆچ و دۆخى په‌نابه‌ران له‌ بیلاڕووسیا و پۆله‌ندا، ره‌وشى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ده‌شتى نه‌ینه‌وا و شنگال، ئاماده‌یى و رۆڵى فڕه‌نسا له‌ ناوچه‌كه به‌گشى، دوایین پێشهاته‌كانى سووریا و چه‌ند پرسێكى تری جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل