بافڵ هێز دەجووڵێنێت

:: AM:10:32:06/12/2021 ‌
بافڵ تاڵەبانی ئاشكرای دەكات، لەلایەن چەند گرووپ و مافیایەك دەست بەسەر بیرە نەوتەكان و سەرچاوە داهاتییەكانی سنووری گەرمیان گیراوە، بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتەش هێز دەجووڵێنێت.

دوای ڕووداوەكانی هەشتی تەمووز، كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی بەردەوامە، ئێستە سەرچاوەی داهاتی ئەو گرووپەی كە كاریان قاچاخچێتی بوو، لەلایەن بەرپرسانی یەكێتییەوە وشك دەكرێ‌، ئەوەیش بۆ ئەوەی جارێكی تر نەبنە مەترسی بۆ سەر حزبە كوردستان.

بافڵ تاڵەبانی لە وەڵامی قوتابییەكی زانكۆكانی سلێمانی كە پرسی داهاتی كێڵگەی نەوتی حەسیرە و خاڵە سنوورییەكان چی لێ دێت، بۆچی لە خزمەتی خەڵكی سنوورەكەدا نییە؟ لە وەڵامدا گوتی، تۆ بۆ ناڵێیت ئەم هەموو نەوتەی تر هەیە لە گەرمیان، بۆ كۆمپانیاكان دەری ناهێنن، چەند مافیا و چەكدارێك هەن و ناوچەكەیان كۆنترۆڵ كردووە، خەریكە كۆمپانیاكان دەڕۆن و ئەو تۆزە داهاتەش كە هەیە نامێنێت.  

ئەو قسانەی بافڵ تاڵەبانی بە ناڕاستەوخۆ هەڕەشە بوو بۆ سەرانی پاشماوەكانی هەشتی تەمووزی ناو یەكێتی كە سەرچاوەكانی داهاتیان لەناو دەبرد، ڕاشی گەیاند كە لەلای پارتی وا نییە، لەوێ كەس ناتوانێت شتی وا بكات. بەنیازم لەم یەك دوو هەفتەیە هێزێكی سەربازی بنێرمە ناوچەكە تا لە دەست ئەو مافیایانە، ئەو شوێنانە كۆنترۆڵ بكرێنەوە.  

لێدان لە پێگەی لاهوور لەلایەن بافڵ تاڵەبانی بەردەوامە، لە نوێترین بڕیاری كە دوێنێ‌ دەرچوو، سەرجەم ئەو كەسانەی لە حكوومەتی خۆجێی سلێمانی لە پشكی یەكێتی لاهوور دایناون، دەردەكرێن و دوور دەخرێنەوە، كەسانی تر لە شوێنیان دادەنێن.

كێشەكانی یەكێتی دوای ڕووداوەكانی هەشتی تەمووز، چووەتە كردەی سەربازی و بەرانبەر یەكتر هێز بەكار دەهێنن، ئەوەیش بووەتە هۆكارێك كە سەرانی ئەو حزبە هیچ متمانەیەكیان بەیەكتر نەمێنێت و سەرجەم گفتوگۆكان گەیشتوونەتە بنبەست.  



وشە - رامیار جەواد