خەڵكی سلێمانی وەڵامی شاسوار دەدەنەوە

:: AM:10:54:08/12/2021 ‌
خەڵكی سلێمانی لەبارەی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ باس لەوە دەكەن، شاسوار و تاقمەكەی هیچ شانازییەكیان نییە بۆ بەرگریكردن لە نیشتمان و خاكی كوردستان، بۆیە ئاساییە لەگەڵ دوژمنان دەهۆڵ بكوتن بۆ تێكچوونی هەرێمی كوردستان. 
ئەوین عەلی هاووڵاتیی شاری سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، وەك لاوێك هیچ شتێكی باش و كرداری لەو گرووپە هەلپەرستە بەناو نەوەی نوێ نابینێ، جگە لە چەواشەكاری گەنجەكان و تێكدان و هاندانیان بۆ كارە قێزەون و مەبەستە دڕندانەكانی خۆیان نەبێ، تەنیا خەریكی تێكدانی فكر و هۆشی گەنجەكانن تا بگەنە ئامانجەكانیان.

ئەو دەڵێت، "بێگومان خەڵكی كوردستان لەوە هۆشیارترن بەدوای فكر و ئاژاوە و مەبەستەكانی ئەو گرووپە بكەون، بەڵام بەداخەوە ئەوانەش كەم نین كە دوای ئەقڵ و فكریان كەوتوون و پێیان وایە دڵسۆز و خەمخۆریانن، پێیان وایە خزمەتی گەنج دەكەن و داواكارییەكانیان جێبەجێ دەكەن، ڕاستییەكەی ئەوان تەنیا خەریكی موزایەدەكردن و بەرژەوەندیی خۆیانن و بە هیچ شێوەیەك دڵسۆزی ئەوان نین، ئەگەر دڵسۆز و خەمخۆر بن، هانیان نادەن بەوەی كوردستان جێ بهێڵن یان ئاژاوە بنێنەوە."

بەگوتەی ئەو هاووڵاتییە، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و پەرلەمانتارەكانی، وا خۆیان پێشان دەدەن كە دڵسۆزی پێشمەرگەن، بەڵام تا ئێستە رۆژێك نەبوو ببینین بچنە بەرەكانی جەنگ و لە دۆخ و گوزەرانی پێشمەرگە بپرسن، ئەوانە هیچ خەباتێكیان بۆ خاك و نیشتمان نەكردووە و هاتوونەتە سەرحازری.

ئاشكرایە شاسوار موزایەدە دەكات


بەنیان هیوا گەنجێكی ترە و روونی كردەوە، زۆر ئاشكرایە شاسوار موزایەدە دەكات، ئازادی باشە، بەڵام زیانی زۆری لە كۆمەڵگەی كوردی داوە، یەكێك لە زیانەكانی ئازادی هاتنە پێشی شاسوار ناوێك بوو كە بەبۆچوونی خۆی، توانای بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستانی هەیە، لە كاتێكدا توانای بەڕێوەبردنی كۆمپانیاكەشی نییە.

ئەو دەڵێت، "دەبێ ئەوەمان لەبیر نەچێ كە تاكەكانی كۆمەڵگا خەڵكی هەمەجۆرن، هەر كەسە و جۆرە بیركردنەوەیەكی هەیە و بەجۆرێك لێكدانەوە بۆ شتەكان دەكات، ناكرێ بەگشتی قسە بكەین، بەڵام زۆرینەی مرۆڤەكان بیرتیژن و دەتوانن بڕیاری ڕاستەقینەی خۆیان بدەن لەبارەی كارەكانی شاسوار یان هەر كەسێكی تر. شاسوار خەریكی موزایەدەی سیاسییە بەسەر منداڵی هەژاری ئەم وڵاتە".

كاروان ئەمینی مامۆستا بە "وشە"ی راگەیاند، شاسوار قۆڵی سەتان كەسی بڕیوە و قەرزاری بەشێكی زۆری خەڵكە، ئەگەر كەسێك نەتوانێ بەرنامەی ژیانی خۆی دابڕێژێ و نەتوانێ ڕێكی بخات، چۆن بتوانێ سەركردەی گەلێك بێت، شاسوار لە خۆبایی بووە و پێی وایە دەتوانێ ركابەریی هەموو حزبە سیاسییەكان بكات، بەڵام هیچ كات شتێكی نەكردووە شایانی باس بێ، پێشمەرگەی پارێزەری وڵات بە كەم سەیر دەكات و هەمیشە دژی ناوخۆیە، لەگەڵ دوژمنان شایی بۆ داگیركردنی كوردستان و تێكچوونی دۆخی كوردستان دەگێڕێت.

بەگوتەی مامۆستاكە، "ئەوانە رۆژێك لە رۆژان سەنگەری پێشمەرگەیان نەبینیوە، هیچ خەباتێكیان نەكردووە و لە فەیسبووكەوە خەریكی قسەی زل و باق و بریقن، ئەمانە هیچ خوێنێكیان بۆ ئاڵا و خاك و نیشتمان نەبەخشیوە، هیچ دڵسۆزی و خەمخۆرییەكیان بۆ كوردستانیش نییە، بۆیە ئاساییە لایان ئەگەر هەمیشە دەهۆڵ دژی كوردستانیش بكوتن".

ئەو داوا دەكات لەبری ئەوەی ئەو هەموو دڵسۆزییەی پێشان بدات بۆ خەڵك و پێشمەرگە، ئەو پارەیەی كە قەرزاری حكوومەتە، بیگەڕێنێتەوە و ئەوجا باسی یاسا و خزمەت و مافی هاووڵاتییان بكات.

وشە/ تایبەت


وشە - تایبه‌ت