هەواڵی نوێ‌ لە بارەی تەرمی دانەری 10 مانگە بڵاو كرایەوە

:: AM:09:49:07/01/2022 ‌
دوای ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كرایەوە كە گەڕان بەدوای تەرمی دانەر نەبەزی تەمەن /10 مان/ وەستاوە، بەرپرسێكی هەولێر دەڵێت، تەنانەت ئەمڕۆ تیمەكانمان لە سێ‌ شوێن گەڕانی فراوانیان هەبووە.

ماوەی دوو ڕۆژە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگۆی وەستانی تیمەكانی بەرگری شارستانی بڵاو كراوەتەوە گوایە لە دۆزینەوەی تەرمی دانەری كۆرپە وەستاون.

ئەمڕۆ هەینی حەوتی كانوونی دووەم، سەركەوت كاڕەش گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، گەڕان بەدوای تەرمی دانەری تەمەن /10 مانگ/ بەردەوامە، هەروەها ئێمە لە دۆزینەوەی بێ‌ هیوا نەبووینە.

زیاتر گوتی، تەنانەت ئەمڕۆ تیمەكانی بەرگری شارستانی هەولێر و خەبات لە سێ‌ شوێن گەڕانی فراوانیان هەبووە لەگەڵ تیمێكی غەواس بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو منداڵە.

باسی لەوەش كرد، هەموو توانایەكی خۆیان بەكاردەهێنن بۆ دۆزینەوەی تەرمی دانەری كۆرپە و بەهیوایی ئەوەن بەزووترین كات ئەو تەرمە بدۆزرێتەوە.

ڕۆژی 17ـی كانوونی یەكەمی ساڵی ڕابردوو بەهۆی بارینی بارانێكی زۆر، لافاوێكی گەورە دروست بوو بەو هۆیەوە 12 هاووڵاتی خنكان، هەمان ڕۆژ تەرمی 10 هاووڵاتی دۆزرایەوە، دوێنێش تەرمی ئومێدی شوان دۆزرایەوە و ئێستە گەڕان بەدوای تەرمی دانەری 10 مانگ بەردەوامە.



وشە - رامیار جەواد