سیهاد بارزانی: هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێت

:: PM:12:08:23/01/2022 ‌
فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی پشتیوانیی یەك ڕای دەگەیەنێت، پشتیوانی هێزەكانی هاوپەیمانان و هێزەكانی ئەمەریكا بۆ پێشمەرگەی كوردستان بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 23ـی كانوونی دووەم، سیهاد بارزانی فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی پشتیوانیی یەك، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان بەردەوام دەبین، چونكە خاڵی هاوبەشمان لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان هەیە و بەتایبەتی ئەمەریكا كە لە پێشكەشكردنی هاوكارییەكانی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوامە'.

باسی لەوەش كرد، وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لەوانە هۆڵەندا، ئەڵمانیا، فڕەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا و ئەمەریكا، هێزی پێشمەرگە بە هێزێكی كاریگەر لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا دەزانن و بەردەوامن لە مەشق و ڕاهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگە.

باسی لەوەش كرد، ئەمڕۆ خولێكی مەشق و ڕاهێنانی هێزەكانی پشتیوانیی یەكی پێشمەرگە كۆتایی هات كە تێیدا  250 پێشمەرگە بەشدارییان كردبوو، هێزەكانی هاوپەیمانان سەرپەرشتی مەشقەكانیان كردووە.

لە ساڵی 2014وە تا ئێستە هێزەكانی هاوپەیمانان بەردەوامن لە ڕێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، چەندان مەشق و ڕاهێنانی جۆراوجۆر بەو هێزە دەكەن بۆ ئەوەی ئامادە بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر مەترسییەك هەبێت.



وشە - رامیار جەواد