ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م فوئاد مه‌عسووم سه‌رۆك كۆماری عێراق ڕاگه‌یه‌نراوێكی له‌باره‌ی ڕه‌وشی شاری كه‌ركووك بڵاو كردووه‌ته‌وه و تێیدا دوای 10 ساڵ له به‌سه‌رچوونی واده‌ی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراق له‌باره‌ی كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانی تر، ئێسته داوای جێبه‌جێكردنی ده‌كات.
فوئاد مه‌عسووم له ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه داوا له لایه‌نه پێوه‌نداره‌كانی كه‌ركووك ده‌كات پابه‌ند بن به بنه‌ماكانی ده‌ستووره‌وه و پره‌نسیپی دایه‌لۆگ و لێكگه‌یشتنی برایانه به‌سه‌ر خۆیاندا زاڵ بكه‌ن.
له به‌شێكی تری ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه هاتووه، دووپات له جێبه‌جێكردنی ده‌ستووری عێراق و له نێویاندا جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 ده‌كه‌ینه‌وه كه پێوه‌سته به داهاتووی كه‌ركووك و ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كانی تر، كه له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌كانی پێشوو جێبه‌جێكردنی پشتگوێ خراوه.
هاوكات داوا له حكوومه‌تی عێراق ده‌كات ده‌ست بكات به جێبه‌جێكردنی ئه‌و ماده‌یه و ئه‌ركی خۆی ڕابپه‌ڕێنێت كه له ده‌ستووردا ئاماژه‌ی پێ كراوه و پێویستیشه هه‌موو هێزه‌كان به‌رپرسیارانه به‌رژه‌وه‌ندییه نیشتمانییه باڵاكان بپارێزن.
ئه‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌ی سه‌رۆك كۆماری عێراق له كاتێكدایه به‌پێی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق، ده‌بوو حكوومه‌تی به‌غدا به‌ر له كۆتای ساڵی 2007 ماده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراق جێبه‌جێ بكات، به‌ڵام تا ئێسته ئه‌و ماده‌یه جێبه‌جێ نه‌كراوه و سه‌رۆك كۆماریش دوای 10 ساڵ تێپه‌ڕین له واده‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌و ماده‌یه‌ی ده‌ستوور، ئێسته داوای جێبه‌جێكردنی و گه‌ڕانه‌وه بۆ دایه‌لۆگ ده‌كات.
ڕۆژی 28ی ئاداری 2017 ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك به‌كۆی ده‌نگ بڕیاری هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستانی له‌سه‌ر داموده‌زگه فه‌رمییه‌كانی شاری كه‌ركووك ده‌ركرد و بڕیاره‌كه‌ش كاردانه‌وه‌ی توركمانه‌كانی به‌دوادا هات و ئه‌مڕۆ توركمانه‌كان خۆپیشاندانیان ئه‌نجام دا.
ژماره‌ی كورسییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك ٤١ كورسین كه ٢٦ كورسییان لیستی برایه‌تییه، نۆ كورسی هی توركمانه‌كان و شه‌ش كورسیی تریش هی عه‌ره‌به‌كانه.
به‌گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه مێژوویییه‌كان، كه‌ركووك شارێكی كوردستانییه و دڕنده‌ترین رژێمی عێراقیش له رێككه‌وتننامه‌ی 11ی ئاداری 1970 ددانی به‌وه‌دا نا، دواتر له 1974 پاشگه‌ز بووه‌وه و كورد شۆڕشی ئه‌یلوولی كرد به قوربانی له پێناو كه‌ركووك. له 2003 و كه‌وتنی سه‌دام، كورد و ئه‌مه‌ریكا كه‌ركووكیان ئازاد كرد و ئاڵای كوردستان له دیوار و سه‌ر باڵه‌خانه‌كانی ئه‌و شاره هه‌ڵدرا. دواتر له 2005 وه‌ك ناوچه‌ی كێشه له‌سه‌ری نێوان كوردستان و عێراق ماده‌ی 140ی بۆ دانرا، به‌ڵام جێبه‌جێ نه‌كراوه. ئاڵای كوردستان جگه له فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌تی، له‌سه‌ر هه‌موو باره‌گاكانی حزب و ده‌زگه‌كانی سه‌ربه كوردستان ده‌شه‌كایه‌وه له 2003ـه‌وه، هێزی پێشمه‌رگه له 2014 و هاتنی داعشه‌وه ئاڵاكه‌ی برده باشووری كه‌ركووك و خۆی كرد به خاوه‌نی پاراستنی شاره‌كه. رۆژی 28ی ئادار/مارسی 2017یش ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك ده‌نگی دا له‌سه‌ر هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌ت، به‌ڵام عه‌ره‌ب و توركمان له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌شدار نه‌بوون.