كەشناسی جگە لە بارانبارین سەرمایەكی سەختی راگەیاند

:: AM:10:26:24/11/2022 ‌
كەشناسی هەرێمی كوردستان پێشبینیی خۆی بۆ 48 سەعاتی داهاتوو راگەیاند، بەپێی پێشبینییەكان ئەمشەو بارانبارین دەست پێ‌ دەكات، هەروەها پلەكانی گەرمی بەشێوەیەكی زۆر دابەزین تۆمار دەكەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 24ـی تشرینی دووەم، بەپێی پێشبینییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان كە ئەمڕۆ بڵاوی كردووەتەوە، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و لە شەودا دەگۆڕێت بۆ هەور لەگەڵ دەستپێكردنی باران لە كاتەكانی شەوی درەنگ لە زۆربەی ناوچەكەمان، سەرەتا بە نمەباران دەست پێ دەكات و پاشان بارانبارین كاریگەری زیاد دەكات.

باسی لەوەش كردووە، سبەی باران لە تەواوی ناوچەكەمان دەبارێت لە ئەنجامی یەكگرتنی هەردوو نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور، شەپۆلێكی بارانبارین سەرتاپای ناوچە جیاجیاكان دەگرێتەوە.

روون كراوەتەوە، سبەی سەنتەری پارێزگاكان بارانبارینی بە لێزمە و هەورەتریشقەی دەبێت، هەندێ جار لە كاتی باران بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو دەبێت، بارانبارین بەردەوامی دەبێت تا كاتەكانی شەوی درەنگ، زۆرترین ڕێژەی بارانبارینی پێشبینكراو لە سنووری پارێزگای هەولێر و سلێمانی دەبێت، بەفریش لەسەر لووتكەی شاخە بەرزەكان دەبارێت، پلەكانی گەرما بە نزیكەی 5-7 پلە روو لە نزمبوونەوە دەكەن.

پلەكانی گەرمی بۆ سبەی بەم شێوەیە دەبێت: 
هەولێر: 17 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 16 پلەی سیلیزی
دهۆك: 16 پلەی سیلیزی
كەركووك: 18 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 17 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 17 پلەی سیلیزی
سۆران: 15 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 20 پلەی سیلیزی



وشە - رامیار جەواد