كۆمەڵەی ڕەنجدەران و پەكەكە بەشداریی شەڕی ئیسرائیل و فەلەستینیان كردووە

:: PM:12:29:06/11/2023 ‌
نووسەرێكی كورد ڕای دەگەیەنێت، لە ساڵانی هەشتاكاندا هێزێكی چەپی وەك كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستان، پشتگیریی فەلەستینی كرد و بەشداریی شەڕی ئیسرائیلیان كردووە. پاشان هێزێكی تری وەك پەكەكە بەهەموو جۆرێك پشتگیریی فەلەستینی كردووە.

زیرەك ئەحمەد رەحمان نووسەرێكی دیاری بواری ئاینییە و خاوەن چەندان وتارە لەو بوارە، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ "وشە" نووسەر ئاماژەی بەوە دا، هێزە ئیسلامییەكانی كوردستان كە بەشێكن لە پڕۆژەی ئیخوانی عەرەبی، بێگومان ئەوان لە بابەتی غەزە زیاتر كاریگەر دەبن و سۆزی زۆریشیان بۆی هەیە، خۆشیان بە بەشێك لە كۆمەڵگەی ئیسلامی عەرەبی دەزانن. ئەوەش لە كاتێكدا هێزێكی وەك سەلەفییەكان ئەوە ڕەت دەكەنەوە و پێیان وایە، حەماس ئەوەی دەیكات، ناڕەوایە و هیچ پێوەندیی بە ئاینەوە نییە، ئەمە بۆ ئیخوانەكان زۆر شۆكهێنەر بوو.

هاوكات گوتی لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا، هێزێكی چەپی وەك كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستان، پشتگیریی فەلەستینی كرد و بەشداریی شەڕی ئیسرائیلیان كردووە. پاشان هێزێكی تری وەك پەكەكە بەهەموو جۆرێك پشتگیریی فەلەستینی كردووە و بەهێزی سەربازیش بەشدار بووە. ئەوەبوو دواتر لە گرتنی ئۆجەلان بەهاوكاریی دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی، پەكەكە باجەكەی بەقورسی دا.

حەماس وەك ڕەوتێكی سوننە مەزەو كە لە شەڕێكی ماوەدرێژدایە لەگەڵ ئیسرائیل، لە دواجاریشدا حەوتی تشرینی یەكەم، هێرشێكی خافڵگیرانەی كردە سەر سنووری ئیسرائیل و كۆمەڵێكی زۆری خەڵكیان كوشت و هەندێك دیلیشیان هێنایەوە بۆ تونێلەكانیان لە شاری غەزە، لە كاردانەوەی ئەوەدا ئیسرائیل هێرشێكی كەموێنەی بۆ سەر شاری غەزە دەست پێ كرد، تا ئێستە زیاتر لە 10 هەزار خەڵكی لەو شارە كوشتووە. هەر ڕۆژی یەكەم سەلەفییەكانی جیهان و كوردستانیش دژایەتی ئەم هێرشەی حەماسیان كرد، د. عەبدولەتیف ڕایگەیاند ئەو هێرشە وەك ئەوەیە شێرێك بەخەبەر بێنیت، تۆ كەناتوانی شەڕی ئیسرائیل بكەیت بۆچی دەیانوروژێنیت.






وشە - سۆران عەزیز