چین... "نەخۆشییە نوێیەکە" ئایا سیناریۆی کۆرۆنا دووبارە دەبێتەوە؟

:: PM:09:24:27/11/2023 ‌
ئەمڕۆ دووشەم 27ی تشرینی دووەم، رێكخراوی تەندروستیی جیهانی سەبارەت بە زیادبوونی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی هەناسەدان لە چین رای گەیاند، حاڵەتەکانی تووشبوون بەم نەخۆشییە بەقەد پەتای کۆڕۆنای پێشتر زۆر نییە. 

بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەک لە چین بووە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ لە سەرانسەری جیهان، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی روونكردنەوەی داوە لەسەر زیادبوونی تووشبوون بە حاڵەتەکانی نەخۆشییەکانی هەناسەدان کە لە چین تۆمارکراون.

ماریا ڤان کیرخۆڤ، بەڕێوەبەری بەشی ئامادەکاری و خۆپاراستن لەم پەتایە لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕای گەیاند، زیادبوونی حاڵەتەکانی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان كە ئێستا لە چین بڵاوبووەتەوە هێندەی پەتای کۆرۆنا گەورە نییە، بەڵام هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی "نەخۆشییە نوێکە" نەدۆزراوەتەوە.

زیادبوونی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان هەفتەی ڕابردوو بووە کێشەیەکی جیهانی، کاتێک ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی داوای لە چین کرد زانیاری زیاتر پێشكەش بكات، بە ئاماژەکردن بە ڕاپۆرتێک کە لەلایەن پرۆگرامی چاودێریی نەخۆشییە سەرهەڵدراوەکانەوە دەرچووە سەبارەت بە منداڵانی تووشبوو بە هەوکردنی سییەکان کە هێشتا دەستنیشان نەکراون.

ڤان کیرخۆڤ ڕوونی كردووەتەوە، پێدەچێت زیادبوونی حاڵەتەکانی ئەم نەخۆشییە لە ئەنجامی زیادبوونی ژمارەی ئەو منداڵانە بێت کە تووشی ئەو میکرۆبانە دەبن کە هۆکارن بۆ ئەو نەخۆشییانەی ماوەی دوو ساڵە خۆیان لێ بەدوور گرتبوو، ئەوەیش بەهۆی ئەو ڕێوشوێنە خۆپارێزییانەی کە لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا سەپێنراون.

ڕۆژی یەکشەم وەزارەتی تەندروستیی چین ڕای گەیاند، بەرزبوونەوەی بەرچاوی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و سنگ لەو وڵاتە، کە سەرنجی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ خۆی ڕاکێشا، بەهۆی ئەنفلۆنزا و هۆکاری دیکەوە بووە، ڤایرۆسێکی نوێی تێدا نییە. 

وتەبێژی لیژنەی تەندروستیی نیشتمانی دەڵێ، شەپۆلی ئەم دواییەی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدان بەهۆی تێکەڵبوونی ڤایرۆسە باوەکانی وەک ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا، ڤایرۆسی ڕینۆ، یان ڤایرۆسی کۆئەندامی هەناسەدان، هەروەها بەکتریای وەک مایکرۆپلازمای سییەکان کە هۆکاری باوی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدانن، داواش لە دەسەڵاتدارانی چین کراوە کلینیکی چارەسەری "تا" زیاتر بکەنەوە و هەڵمەتەکانی کوتان بۆ منداڵان و بەساڵاچووان زیاد بکەن.

جیهان بە نیگەرانییەوە سەیری ڕەوشی تەندروستیی چین دەکات، بەوپێیەی شاری وهان لە ناوەندی ئەو وڵاتە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩دا لانکەی پەتای کۆرۆنا بووە و کاریگەریی وێرانکەری لەسەر دۆخی تەندروستی و ئابووریی جیهانی هەبوو بۆ ماوەی چەند ساڵێک.


وشە - رزگار خدر