موقتەدا سەدر سەردانی سیستانی دەكات

:: PM:08:25:18/03/2024 ‌

بەشێك لە میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە كە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم موقتەدا سەدر، سەركردەی رەوتی سەدر سەردانی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەی لە شاری نەجەف كردووە، لە چوارچێوەی گەشتێكی مانگی رەمەزان كە سەدر دەستی پێ كردووە.

لاپەڕەكانی نزیك لە رەوتی سەدر وێنەیەكی موقتەدا سەدریان لەكاتی دابەزینی لە ئۆتۆمبێلەكەی لە شەقامی رەسوول لە ناوەڕاستی شاری نەجەف بڵاو كردەوە، كە ماڵی عەلی سیستانی لەوێیە، بۆیە بەپێی ئەو لاپەڕانە پێشبینی دەكرێت سەدر سەردانی سیستانی بكات، لەوكاتەی نووسینگەكانی هەردوولا ئەوەیان دووپات نەگردووەتەوە.

شایەنی باسە سیاسەتوانای شیعە لە پێشوازیكردنیان لەلایەن عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای نەجەف بێئومێدن، چونكە ئەو رای گەیاندووە كە نایەتە ناو بابەتە سیاسییەكان و لە كاری ئەوان رازی نییە و ئامادەش نییە پێشوازییان لێ بیكات، بۆیە پێشوازیكردنی لە موقتەدا سەدر دەبێتە رووداوێكی گرنگ بۆ سەدرییەكان.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل